دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار بۆ نیسانی 2021 دواخرا

به‌‌هۆی بڵابوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌

مه‌ڕاسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار كه‌ گرنگترین خه‌ڵاتی بواری سینه‌مایه‌، به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) بۆ نیسانی ٢٠٢١ دواخرا.

ئه‌كادیمیای زانست و هونه‌ری سینه‌ما له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد، ٩٣مین مه‌ڕاسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار كه‌ بڕیاربوو له‌ ٢٨ی شوباتی ٢٠٢١دا ئه‌نجامبدرێت، به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) بۆ ٢٥ی نیسانی ٢٠٢١ دواخراوه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ ماوه‌ی تۆمار كردنی كاندیده‌كانی ئۆسكار بۆ ٢٨ی شوباتی ٢٠٢١ درێژكراوه‌ته‌وه‌.

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئاداره‌وه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) له‌ ئه‌مریكا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌و رێوشوێنانه‌شی بۆ رێگری كردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر به‌رهه‌مهێنانی فیلم وه‌ستاوه‌.

كۆتا جاریش كه‌ مه‌ڕاسیمی دابه‌شكردنی ئۆسكار دواخرابێت له‌ ساڵی ١٩٨١دا بوو كه‌ به‌هۆی هه‌وڵدان بۆ تیرۆر كردنی سه‌رۆكی ئه‌و كاتی ئه‌مریكا رۆناڵد ره‌یگن، مه‌ڕاسیمه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێر دواخرابوو.