36 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا له عێراق چاکبوونەوە

 ژمارەی تووشبووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان 1000 کەسی تێپەڕاندووە

 


ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆكی شانەی قەیرانەكان و پارێزگاری نەجەف رایگەیاند :"26 تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی حەكیم چاكبوونەوە و رەوانەی ماڵەوە كرانەوە".
 
ئەمڕۆ فەرمانگەی تەندروستیی نەجەف تووشبوونی 4 كەسی دیكەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند، بەمەش كۆی تووشبووان لە پارێزگاكە گەیشتە 185 کەس، لەو ژمارەیە 58 تووشبوو چاكبوونەتەوە و 5 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
 
هەر ئەمڕۆ فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای بەسڕە رایگەیاند "9 كەسی دیكە لە پارێزگای بەسرە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و هەر 9 تووشبووەكەش خراونەتە ژێر چاودێری تەندروستی". هەروەها "بەپێی ئەنجامی پشكنینەكان 10 تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەسرە چاكبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەکانیان كراونەتەوە، 2 تووشبووش گیانیان لەدەستداوه".
 
بەپێی ئامارەکان 141 كەس لە پارێزگای بەسرە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 48 تووشبوو چاكبوونەتەوە، 80 تووشبووش هێشتا لەژێر چاودێری تەندروستیدان".
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان 1000 کەسی تێپەڕاندووە، 61 تووشبوو مردوون و  279 نەخۆشیش چاکبوونەتەوە.