كۆرۆنا ڤایرۆس هیچ په‌یوه‌ندی به‌ سیستمی 5G وه‌ نییه‌

5G نه‌وه‌ی پێنجه‌می ته‌كنۆلۆژیای په‌یوه‌ندییه‌ بێته‌له‌كانه‌

تیۆری پلانگێڕی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆی تێكه‌ڵكردنی نێوان تۆڕه‌كانی 5G له‌گه‌ڵ كۆرۆنا ڤایرۆس، به‌رپرسانی تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌ به‌ریتانیا و وڵاتانی ئه‌وروپا تووشی دڵه‌ڕاوكێ كردووه‌ و بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا له‌ خه‌ڵك بكرێت بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ بورجه‌كانی مۆبایل گڕتێبه‌ربده‌ن.

دوای ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سێ بورج له‌ به‌ریتانیا له‌ رۆژانی رابردوو له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نادیاره‌وه‌ دڵه‌ڕاوكێی درووستكردووه‌ له‌ نێو به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا و وه‌ك تیۆرێكی پلانگێری ناویده‌به‌ن. هه‌روه‌ها پێیانوایه‌ كارێكی بێمانایه‌ كه‌ تۆڕه‌كانی 5G هۆكاری سه‌ره‌كی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس بێت.

زه‌ نیویۆرك تایمز له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆ 5ی نیسان نووسیویه‌تی كه‌ یه‌ك له‌ سووتاندنی بورجه‌كان له‌ به‌لفاست-ی ئێرله‌ندا بووه‌ و ئه‌وه‌ی ديكه‌یشیان رۆژی 2ی نیسان له‌ بێرمنگهام-ی ئینگلته‌را بووه‌. سێیه‌میشیان كه‌ سووتێنراوه‌ له‌رۆژی 3ی نیسان له‌ لیڤه‌رپول-ی ئینگلته‌را بووه‌.

نیویۆرك تایمز له‌سه‌ر زاری جۆو ئه‌ندرسن سه‌رۆكی شاره‌وانی لیڤه‌رپۆله‌وه‌ وتوویه‌تی كه‌ دیارده‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌!

5G نه‌وه‌ی پێنجه‌می ته‌كنۆلۆژیای په‌یوه‌ندییه‌ بێته‌له‌كانه‌ و له‌نیوه‌ی ساڵی 2019 له‌ ئه‌مریكا و زۆربه‌ی وڵاتان ئاسیا و ئه‌وروپا كاری پێده‌كه‌ن و له‌ G4 پێشكه‌وتووتره‌ كه‌ پێشتر به‌كارده‌هات.

به‌پێی راپۆرتێكی بی بی سی، به‌رپرسانی به‌ریتانیا دووپاتیانكردووه‌ته‌وه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ بۆ بوونی په‌یوه‌ندی نێوان ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی بێرمنگهام و لیڤه‌رپول.

له‌ نێو خه‌ڵكدا وابڵاوه‌ كه‌ ئه‌و تیشكه‌ی له‌ بورجه‌كانی تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كانی مۆبایله‌وه‌ بڵاوده‌بنه‌وه‌ ده‌بنه‌ هۆی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ نزیكی نیشته‌جێن، له‌كاتێكدا هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی زانستی ئه‌وه‌ی نه‌سه‌لماندووه‌ تا ئێستا.

له‌گه‌ڵ خستنه‌گه‌ڕی سیستمی 5G له‌ساڵی 2019 و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس له‌ كۆتایی 2019 ئه‌و پروپاگه‌نده‌ بڵاوكرانه‌وه‌ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی كۆرۆنا ڤایرۆس به‌كارهێنانی ئه‌و سیستمه‌ نوێیه‌یه‌. ئێن پێ ئار له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی كۆرۆنا ڤایرۆس چه‌نده‌ها بیرۆكه‌ و تیۆری نوێ دروست كرا. یه‌كێك له‌وانه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ بۆ سیستمی 5G ی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌".

رۆژی هه‌ینی به‌رێوه‌به‌رێتی كاروباری دیجیتالی و رۆشنبیریی و راگه‌یاندن و وه‌رزشی به‌ریتانیا له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا روونیكرده‌وه‌ كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نییه‌ كه‌ بوونی په‌یوه‌ندی نێوان كۆرۆنا ڤایرۆس و سیستمی 5G بسه‌لمێنێت.

هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ 5ی نیسان رۆژنامه‌ی زه‌ هێڵ له‌ راپۆرتێكدا له‌ ژێر ناوی "هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ 5G كه‌ زیانبه‌خش بێت بۆ سه‌ر ته‌ندروستی" نووسیويه‌تی: "هه‌ر وه‌ك ته‌كنۆلۆژیایی تۆڕه‌ بێته‌له‌كانی ديكه‌ی G2 وG3 و G4، سیستمی 5G  داتاكانی مۆبایل له‌ رێگه‌ی شه‌پۆله‌كانی رادیۆییه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌. هه‌موو ته‌كنۆلۆژیاكانی دیكه‌ ژمێری زیره‌ك و ئامرازی گواستنه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنی و وێستگه‌یی و راداریی و په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ته‌لایتییه‌كانی له‌خۆگرتووه‌. ته‌نیا جیاوازی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خێرایی و توانای ته‌كنۆلۆژیایی بێته‌لی سیستمه‌كه‌ زیادكراوه‌".

هه‌روه‌ها گرووپی پیشه‌سازی مۆبایله‌كانی به‌ریتانیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رۆژی 4ی نیسان دووپاتیانكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سیستمی 5G سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت له‌ جیهاندا تیۆرێكی پیلانگێری به‌ڕێوه‌یه‌. كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه‌ ده‌كرێن دژی ئه‌و ته‌كنیككارانه‌ی ئێستا له‌به‌ریتانیا سه‌رقاڵی به‌گه‌ڕخستنی سیستمه‌كه‌ن.

ژێده‌ر /هه‌ولێر