یەكەم حاله‌تى ڤایرۆسی كۆرۆنا  لە بەرازیل تۆمار كرا

لە جیهاندا 81 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون

ئەمڕۆ چوارشەممە ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە ئەمریكای لاتین و یەكەم تووشبووی ڤایرۆسەكە لە بەرازیل تۆمار كرا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ ژمارەی ئەو تووشبووانەی بە هۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لە دەست داوە گەیشتە دوو هەزار و 768 كەس لە جیهاندا.

بە پێی نوێترین زانیارییەكان، 12 كەس بە هۆی ڤایرۆسەكەوە لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەست داوە، هەروەها لە وڵاتی فەرەنسادا 17 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و تووشبوویەكیش گیانی لەدەست داوە، هەر ئەمڕۆش هاووڵاتییەكی یۆنانی بە یەكەم تووشبووی ڤایرۆسەكە لەم وڵاتە تۆمار كرا.

تا ئێستاش لە ئێران 19 تووشبوو بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەست داوە، لە كوێتیش 26 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

بە گوێرەی تۆمارە فەرمییەكانیش، تا ئێستا لە جیهاندا 81 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسە كوشندەكە بوون، 30 هەزار تووشبووش چاك بوونەتەوە.

یەكەم تووشبووی ئەمریكای لاتین، كە هاووڵاتییەكی بەرازیلی تەمەن 61 ساڵە، پێشبینی دەكرێت لە كەسێكەوە تووشی ڤایرۆسەكە بووبێت كە بەم دواییە سەردانی ئیتاڵیای كردبوو.