سوپای سووریا کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەیان گوند و شارۆچکەی لە گوندەوارەکانی حەلەب راگەیاند

جەختیشی کردەوە لە بەردەوامبوونی بەرەوپێشچوونی مەیدانی

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی 2 ى 2020 ، سوپای سووریا کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەیان گوند و شارۆچکەی لە گوندەوارەکانی حەلەبی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوا راگەیاند و جەختیشی کردەوە، لە بەردەوامبوونی بەرەوپێشچوونی مەیدانی.

فەرماندەیی گشتی سوپا و هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەچەند هەنگاوێکی ورد و ژیرانە و ئۆپەراسیۆنی جۆرێتی پاڵەوانەکانی سوپای سووریا بەردەوامن لە بەرەوپێشچوونەکانیان و سوورن لەسەر ریشەکێشکردنی تیرۆری تەکفیری و رەگەکانی و، لەناوبردنی بکوژەکان کە دەیانویست ئیرادەی خەڵکەکە لە ناوچەکە بسێنن، دەستبەسەرداگرتنی خەڵکی و بەکارهێنانیان وەک قەڵغانی مرۆیی بەمەبەستی کۆسپ دانان لە بەردەم بەرەوپێشچوونی سوپا و دواخستنی لەناوبردنی ئەو رێکخراوە چەکدارانە کە پۆلینکراون بەگوێرەی یاسایی نێودەوڵەتی لەنێو لیستی تیرۆر.