رێكخراوی تەندروستی جیهانی: ڤاكسینی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا 18 مانگی دیكە ئامادە دەبێت

داوای لەهەموو وڵاتان كرد ئەو ڤایرۆسە وەك دوژمنی پلە یەكی مرۆڤایەتی دابنێن

رێكخراوی تەندروستی جیهانی وادەی ئامادەبوونی یەكەم ڤاكسینی دژی ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنای راگەیاند و داوای لەهەموو وڵاتان كرد ئەو ڤایرۆسە وەك دوژمنی پلە یەكی مرۆڤایەتی دابنێن و هەموو هەوڵێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی بدەن.


تیدروس ئادهانوم گیبریسوس بەرێوبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەشاری ژنێف رایگەیاند: یەكەم ڤاكسینی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەدوای 18 مانگی دیكە بەردەست دەبێت.

روونیكردەوە: ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا ناوی لێدەنرێت كوفید 19 و ئاماژەی بەوەكرد پێویستە لەسەریان بەرەنگاری ئەو ڤایرۆسە ببنەوە بەهەموو ئەوانەی لەبەردەستیاندایە.

سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی وتیشی ئەگەر جیهان نەیەوێت لەخەو راچڵەكێت و ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك دوژمنی پلە یەك نەناسێنێت، ئەوا لەو بڕوایەدایە كە هیچ فێرنابن لەوانەكان و لەئێستادا لەقۆناغی ستراتیژی گەمارۆدانی ڤایرۆسەكەدان و پێویستە لەسەریان رێگە نەدەن بەگواستنەوەی.

ئا: كارزان عەبدوڵا
سەرچاوە/ سكای نیوز
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی