شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە


رۆژی یەک شەممە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی بەغداد دەکات.

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە کوردستان تیڤی راگەیاند: رۆژی یەک شەممە 8 ی شوبات بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رونیشکردەوە. شاندەکەی هەرێم بە ئەندامیەتی خالید شوانی،وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم  و چەند بەڕێوەبەرێکی پەیوەندار لەخۆ دەگرێت.

باسی لە ئامانجی سەردانەکە کرد و وتی:   شاندەکە لەگەڵ وەزیرانی بازرگانی، کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاویەکانی عێراق کۆدەبنەوە تایبەت بە شایستە دارایەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد تایبەت بە کشتوکاڵ و ئاو.

حوسێن حەمە کەریم ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانەکە داوا دەکەین لە دەرچواندنی بڕیارو رێنمایی تایبەت مەند هەرێمی کوردستان رەچاو بکەن، بۆ ئەوەی جوتیارانمان نەبنە قوربانی.
شیاوی باسە، لەگەڵ دەست بەکاربوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەک وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گروپێکی هەماهەنگی لەنێوان وزارەت و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداد دروست کردووەو ئێستا بەرداوام مانگانە نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێم بەشداری کۆبونەوەکانی بەغداد تایبەت بە کشتوکاڵ و ئاودێری دەکات