چیین ده‌توانێت به‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنادا زاڵبێت؟

میكانیزمه‌كانی چاره‌سه‌ركردن به‌ وردی كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت

به‌پێی زانیارییه‌ سه‌رتاییه‌كان ژماره‌ی قوربانییانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ چین له‌زیادبووندایه‌، حكومه‌ت رێوشوێنی تووندی ته‌ندروستیی گرتووه‌ته‌به‌ر و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێكی زۆری هاووڵاتییانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵی چینی بێبه‌شده‌بن. هاوكات میكانیزمه‌كانی چاره‌سه‌ركردن به‌ وردی كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و له‌مباره‌وه‌ هه‌وڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان جێگای هیوان. ئه‌گه‌رچی به‌شێك له‌وڵاتانی دنیا مه‌ترسییان لێنیشتووه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی ڕێگیریكردن به‌توندی گیراونه‌ته‌ به‌ر.

قوربانییه‌كان زیاتر ده‌بن

به‌پێی ئاماری ده‌زگا ته‌ندرووستییه‌كانی چین، تاوه‌كو ئێستا له‌و وڵاته‌دا به‌ هه‌زاران كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و مه‌ترسیان له‌سه‌ره‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 41 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. به‌كارهێنانی ئامڕازه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی له‌ 18 شاری سه‌ر به‌ پارێزگه‌ی هوبه‌یی چین راگیراوه‌، ئه‌وه‌ش بۆ رێگیریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌، له‌نێویشیاندا شاری ووهان كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی 11 ملیۆن كه‌سه‌ و به‌ شوێنی سه‌رهه‌ڵدان و ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسه‌كه‌ داده‌نرێت.

 له‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی دژی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ ته‌ندروستییه‌دا حكومه‌تی چین ده‌ستیكردووه‌ به‌ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌زار قه‌ره‌وێڵه‌یی كه‌ بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی 10 رۆژدا ته‌واوی بكات.

 ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌م كاته‌دا وایكردووه‌ كه‌ زیاتر له‌ 58 ملیۆن چینی بێبه‌شبن له‌وه‌ی به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵی چینیدا بكه‌ن كه‌ به‌ گرنگترین جه‌ژنی چینییه‌كان داده‌نرێت و هه‌موو ساڵێك له‌ 25ـی كانوونی دووه‌مدا سازده‌كرێت.

 

وڵاتانی دیكه‌شی گرتووه‌ته‌وه‌

هاوكات له‌ مالیزیا سێ كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و وه‌زیری ته‌ندروستیی مالیزیا به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند، "ئه‌و سێ تووشبووه‌ خه‌ڵكی شاری ووهانی چینین و له‌م كاته‌دا له‌ نه‌خۆشخانه‌ خه‌ریكی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌رن".

 له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ هۆنگ كۆنگ، ماكاو، كۆریای باشوور، یابان، سه‌نگافوره‌، تایله‌ند، تایوان، ڤێتنام، نیپال، فه‌ره‌نسا، ئوسترالیا، و ئه‌مریكا حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون. پێشتر كاتێك ژماره‌ی قوربانییان 17 كه‌س بوون، كۆمیسیۆنی ته‌ندروستیی نه‌ته‌وه‌یی چین رایگه‌یاند، گه‌نجترین كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدابێت ته‌مه‌نی 48 ساڵان بووه‌ و به‌ته‌مه‌نترینیش 89 ساڵان بووه‌.

 ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ئه‌وروپاش بڵاوبووه‌ته‌وه‌. سێ كه‌یسی تووشبوون له‌ فه‌ره‌نسا پشتڕاستكراونه‌ته‌وه‌ و به‌ریتانیاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك كه‌یسی گومانلێكراو ده‌كات. به‌رپرسانیش له‌ هه‌وڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌گه‌ڵ دوو هه‌زار كه‌س كه‌ به‌م دواییه‌ له‌ هوبه‌ییه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ به‌ریتانیا.

هاوكات 10 حاڵه‌تی تووشبوون به‌و په‌تایه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ هۆنگ كۆنگ، ماكاو و تایوان پشتڕاست كراونه‌ته‌وه‌.

4 حاڵه‌تی دیكه‌ش له‌ تایلاند، 3 حاڵه‌ت له‌ ژاپۆن، 2 حاڵه‌ت له‌ كۆریای باشوور، 2 حاڵه‌ت له‌ ئه‌مه‌ریكا، 2 حاڵه‌ت له‌ ڤێتنام، 3 حاڵه‌ت له‌ سنگاپوره‌، 2 حاڵه‌ت له‌ فه‌ره‌نسا و حاڵه‌تێكیش له‌ نیپاڵ تۆماركراون.

سه‌رۆكی چیین هۆشداری توند ده‌دات

شی جین بینگ، سه‌رۆكی چین كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی له‌ نووسینگه‌ی سیاسی خۆی بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست به‌مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا سازكرد. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی چین دووپاتیكرده‌وه‌، "دۆخه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ و ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر به‌خێرایی بڵاوده‌بێته‌وه‌".

له‌ راپۆرتێكی ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی ئه‌و وڵاته‌شدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، بۆ هه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌و وڵاته‌ پزیشكی پسپۆڕ دانراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری حاڵه‌ته‌ تونده‌كان بكه‌ن، تاوه‌كو به‌هۆی تێچوونی زۆر چاره‌سه‌ركردنی تووشبووان دوانه‌كه‌وێت، هه‌روه‌ك پێداویستی پزیشكی ته‌واویش بۆ هه‌رێمی هۆبی و شاری وۆهانی پایته‌ختی ئه‌و هه‌رێمه‌ دابینكراوه‌.راپۆرته‌كه‌ جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ زانیاری تایبه‌ت به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌ ترسناكه‌كه‌ ورد و خێرا و به‌په‌له‌ بن.

لیژنه‌ی ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌، په‌تاكه‌ له‌ هه‌رێمی چینگهایش بڵاوبووه‌ته‌وه‌، به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و ناوچه‌ و هه‌رێمانه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ی تێدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، گه‌یشته‌ 30 ناوچه‌.

هیوایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ر

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ ته‌ندرووستییه‌ فه‌رمییه‌كان چین، ئه‌و ژنه‌ ته‌مه‌ن 56 ساڵییه‌ی كه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ ببوو‌، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ شاری ووهان ژیاوه‌، كه‌ شوێنی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌یه‌. ژنه‌كه‌ به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌، دووچاری هه‌وكردنێكی توندی سییه‌كان ببوو، به‌ڵام دوای چاودێریكردنی ته‌ندرووستی، باری ته‌ندرووستی باشتر بووه‌ و هیچ كاریگه‌رییه‌كی ڤایرۆسه‌كه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌.

ژنه‌كه‌ رۆژی 10/12/2019، دووچاری ڤایرۆسه‌كه‌ بووه‌، دواتریش له‌ 15/1/2020 گوازراوه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌، پزیشكانیش دووپاتیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ژنه‌ تووشیی جۆرێكی ڤایرۆسی نوێ بووه‌ و به‌ یه‌كه‌م كه‌یسی تووشبووی ڤایرۆسه‌كه‌ داده‌نرێت له‌ ناوچه‌كه‌.

له‌ كاتی چاره‌سه‌ریشدا تێبینی باشتربوونی ته‌ندرووستی ژنه‌كه‌ كراوه‌، پله‌ی گه‌رمی له‌شی به‌رز نه‌بووه‌ته‌وه‌ و ماوه‌ی شه‌ش رۆژیش چاودێری پله‌ی گه‌رمییه‌كه‌ی كراوه‌، ئه‌نجامه‌كانی پشكنینیش باشی ته‌ندرووستی ژنه‌كه‌ی ده‌رخستووه‌، دوای ئه‌و پشكنینانه‌ش، لێژنه‌ی پسپۆران بڕیاریانداوه‌ ژنه‌كه‌ نه‌خۆشخانه‌ جێبهێڵێت.

تۆڕی ته‌له‌ڤزیۆنی چین بڵاویكرده‌وه‌، پیاوێكی ته‌مه‌ن 46 ساڵی كه‌ تووشبووی ڤایرۆسه‌كه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌، ئه‌وه‌ی هاوكار بووه‌ له‌ چاره‌سه‌رییه‌كه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی پێی زانراوه‌.

عێراق مه‌ترسی له‌سه‌ر نییه‌

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق ئاشكرای كرد، تاكو ئیستا هیچ حاڵه‌تێكی ڤایرۆسی كرۆنا تۆمار نه‌كراوه‌، كه‌ به‌م دوایانه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی چین بڵاوبویه‌وه‌.دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و وه‌فدانه‌ی له‌ وڵاتانه‌ دێن عیراق به‌تایبه‌ت له‌چینه‌وه‌، له‌ ده‌روازه‌ سنوریی و فڕۆكه‌خانه‌كاندا پشكنینیان بۆ ده‌كرێت.

سه‌یف به‌در وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ تاكو ئێستا عیراق خاڵیه‌ له‌ نیشانه‌كانی ئه‌و په‌تایه‌. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دوپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان بۆ چۆنیه‌تی خۆپاراستن له‌ ڤایرۆسی كرۆنا هه‌ماهه‌نگی ته‌واویان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها چاودێری هه‌موو گه‌شتیاران و جوڵه‌كانیان ده‌كرێت، جا عیراقی بێت یان بیانی.

هه‌روه‌ها له‌ بنكه‌ی ته‌ندروستی فڕۆكه‌خانه‌كان، پشكنین ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زانیاری له‌ گه‌شتیاران وه‌رده‌گیرێت و چاودێری ته‌ندروستیان ده‌كرێت، هه‌روه‌ها هۆشیاری له‌سه‌ر خۆپاراستن له‌و په‌تایه‌ به‌ گه‌شتیاران ده‌درێت.

به‌رپرسانی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا، به‌هۆی گه‌شتیارانی چینه‌وه‌ ترسی زوو گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسی كرۆنایان هه‌یه‌.

ڤایرۆسی كرۆنا كه‌ پێشتر نه‌ناسراوه‌، پزیشكه‌كان ده‌ڵێن به‌هۆی بازرگانی نایاسایی به‌ ئاژه‌ڵی وشكانیه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، كه‌ له‌ مه‌یدانی ئاژه‌ڵانی شاری ووهان ی چین بازرگانیان پێوه‌ ده‌كرێت.

٦٣ هاوڵاتی عێراقی كه‌ له‌ چین بوون تووشی نه‌خۆشی كۆرۆنا بوون، ئێستا حكومه‌تی عێراق نازانێت چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ حكومه‌تی عێراق له‌ به‌غداده‌وه‌ به‌ "سپی" ڕاگه‌یاند" كه‌ ٦٣ هاوڵاتی عێراقی كه‌ له‌ وڵاتی چین بوون كه‌ كۆرۆنای تیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ تووشی نه‌خۆشی كۆرۆنا بوون".

شێوازی خۆپاراستن له‌ ڤایرۆسی كرۆنا:

1- خۆدووره‌گرتن له‌ تووشبوان، یان ئه‌وانه‌ی نیشانه‌كانی تێدا ده‌ركه‌وتووه‌.

2- ده‌ستشۆردن و گرنگیدان به‌پاكوخاوێنی.

3- خۆدوورگرتن له‌ ئاژه‌ڵان. به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ.

 

نیشانه‌كانی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كرۆنا:

1- سه‌رئێشه‌ و هه‌ستكردن به‌ ماندووبوون.

2- به‌ربونی ئاوی لووت.

3- تالێهاتنێكیی زۆر و به‌رده‌وام.

4- كۆكه‌ی قورس و گران.

5- هه‌ناسه‌توندی.

6- ئازاری له‌ش و ماسولكه‌كان.

 ن/ محمد لادێ

كوردستان تیڤی/ كامران