له‌مه‌ودوا توێكڵی پرته‌قاڵ فڕێ مه‌ده‌

 سووده‌ له‌ راده‌به‌ده‌ره‌كانی توێكڵی پرته‌قاڵ بزانه‌

میوه‌ی پرته‌قاڵ یه‌كێكه‌ له‌ میوه‌ خۆشه‌ویسته‌كان و خواستێكی زۆری له‌سه‌ره‌، به‌كارهێنانی له‌ وه‌رزی زستان زۆر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی سووده‌ ته‌ندروستییه‌كانی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تا و ئه‌نفلۆنزا.

 

سووده‌كانی ئه‌م میوه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ هه‌مووان ده‌یزانێت، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ڤیتامینی گرنگ له‌خۆده‌گرێت بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ، سوودی ئه‌م میوه‌ ده‌گاته‌ توێكڵه‌كه‌یشی كه‌ زۆرجار فڕێ ده‌درێت.

 

به‌گوێره‌ی تۆژینه‌وه‌یه‌ك له‌ په‌یمانگای زانستی خۆراك و كشتوكاڵی سه‌ر زانكۆی فلۆریدا ده‌رباره‌ی رۆڵی توێكڵی پرته‌قاڵ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی، ده‌ركه‌وت رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ بۆ رێگرتن له‌ ناوپۆشی چه‌وری له‌ توێژی نێوخۆیی خوێنبه‌ره‌كان، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی باشكردنی كاری ریخۆڵه‌كان.

 

سووده‌ ته‌ندروستییه‌كانی توێكڵی پرته‌قاڵ:

 

1. ده‌تپارێزێت له‌ ره‌قبوونی خوێنبه‌ره‌كان.

به‌گوێره‌ی تۆژینه‌وه‌كه‌ به‌رهه‌می توێكڵی پرته‌قاڵ له‌توانایدایه‌ ئه‌و میكرۆبانه‌ كه‌ بوونیان هه‌یه‌ له‌ ریخۆڵه‌كان هه‌مواربكاته‌وه‌، دڵ له‌ ره‌قبوونی خوێنبه‌ره‌كان ده‌پارێزێت.

 

توێكڵی پرته‌قاڵ چه‌ند پێكهێنه‌رێك له‌خۆده‌گرێت كه‌ رۆڵی هه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی ئاوێته‌ی "Trimethylamine" كه‌ دروستبوونی ره‌قبوون له‌ خوێنبه‌ره‌كان دواده‌خات.

 

2. ده‌تپارێزێت له‌ شێرپه‌نجه‌.

تۆژه‌ران بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ توێكڵی مزره‌مه‌نییه‌كان به‌ پرته‌قاڵیشه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كارایه‌ بۆ رێگرتن له‌ چالاكییه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان له‌ جه‌سته‌دا.

 

3. دژه‌ هه‌ستیارییه‌.

توێكڵی پرته‌قاڵ ئاوێته‌ی كارا له‌خۆده‌گرێت كه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر كۆئه‌ندامی به‌رگری جه‌سته‌، هه‌روه‌ها رێگری ده‌كات له‌ ده‌ركردنی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت ھیستامین، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كاردانه‌وه‌ی هه‌ستیاری.

 

4. پته‌وكردنی ته‌ندروستی پێست.

توێكڵی پرته‌قاڵ رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ ڤیتامینی "E" و دژه‌ ئۆكسیده‌كان له‌خۆده‌گرێت، كه‌ ده‌بێته‌ یاریده‌ده‌ر بۆ خۆپاراستن له‌ ده‌ركه‌وتنی په‌ڵه‌ و لۆچی به‌ره‌وپێشچوونی ته‌مه‌ن، هه‌روه‌ها ڤیتامینی "C" له‌خۆده‌گرێت، كه‌ نیشانه‌كانی پیربوونی پێشوه‌خته‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌. .

سه‌رچاوه‌/ Kurdistan CT

كوردستان تیڤی/ كامران