له‌ ئێران نووسه‌رێكی كورد حوكمی ٦٩ مانگ به‌ندكرانی به‌ سه‌ردا سه‌پا

به‌ سێ تۆمه‌تی جیاواز

موژگان كاووسی نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری  كوردی خه‌ڵكی شاری كه‌لارده‌شت له‌ باكووری ئێران، له‌ لایه‌ن ده‌زگای دادوه‌ریی حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ حوكمی به‌ندكرانی به‌ سه‌ردا سه‌پا.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو،رایگه‌یاند : موژگان كاووسی، نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری خه‌ڵكی شاری كه‌لارده‌شت له‌لایه‌ن دادگای به‌رایی شاری نه‌وشه‌هه‌ر له‌ باكووری ئێران به‌ سێ تۆمه‌تی جیاواز سه‌رجه‌م حوكمی ٦٩ مانگ به‌ندكرانی به‌ سه‌ردا سه‌پا.

یه‌كێك له‌ نزیكانی بنه‌ماڵه‌ی كاووسی كه‌ به‌ هۆكاری ئه‌منی نه‌یویست ناوی ئاشكرا بێت له‌وباره‌وه‌ به‌ هه‌نگاوی ڕاگه‌یاند كه‌، موژگان كاووسی به‌ تۆمه‌تی “ئه‌ندامه‌تی له‌ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران” به‌ ٣٣ مانگ به‌ندكران، به‌ تۆمه‌تی “هاندانی خه‌ڵك بۆ دروست كردنی بشێوی و تێكدانی ئاسایشی گشتی” به‌ ٣٠ مانگ به‌ندكران و به‌ تۆمه‌تی “ پڕوپاگه‌نده‌ دژ به‌ نیزام” حوكمی ٦ مانگ به‌ندكرانی به‌ سه‌ردا سه‌پاوه‌.

به‌ پێی یاسای كۆكردنه‌وه‌ی حوكمه‌كان، له‌و سێ حوكمه‌ زۆرترینه‌كه‌یان واته‌ حوكمی ٣٣ مانگ به‌ندكران جێبه‌جێ ده‌كرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ له‌ درێژه‌دا ڕایگه‌یاند كه‌، موژگان ته‌نیا به‌ تۆمه‌تی نووسینی پۆستێكی ئیستاگرامی كه‌ نووسیبووی “بێ ده‌نگی خیانه‌ته‌” و له‌گه‌ڵ وێنه‌ی گیانبه‌ختكردوانی خۆپێشاندانه‌كانی مانگی ڕابردووی مه‌ریوان و جوانڕۆ بڵاوی كردبوویه‌وه‌، حوكمی ٣٣ مانگ به‌نكرانی به‌ سه‌ردا سه‌پاوه‌.

موژگان كاووسی له‌ كاتی دانیشتنی دادگا له‌ هه‌بوونی مافی پارێزه‌ر بێبه‌ش بووه‌ و ٢٠ ڕۆژ مۆڵه‌تی پێدراوه‌ كه‌ تانه‌ له‌و بڕیاره‌ بدات. ناوبراو هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ و دوای دانیشتنی دادگا به‌ دانانی بارمته‌ی ١٠٠ میلیۆن تمه‌نی به‌ شێوه‌ی كاتی ئازاد كراوه‌.

ناوبراو ڕۆژی  دووشه‌ممه‌ ٢٧ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٩) ، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری نه‌وشه‌هر سه‌ر به‌ پارێزگای مازه‌نده‌ران ده‌ستبه‌سه‌ر كرا.

موژگان كاووسی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ١٩ی سه‌رماوه‌ز (١٠ی دێسامبر) دوای یه‌ك حه‌فته‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ساری بۆ به‌ندیخانه‌ی شاری نه‌وشه‌هر گوازرابوویه‌وه‌.

ئه‌و نووسه‌ره‌ كورده‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو چه‌ندین وتاری له‌سه‌ر زمانی كوردی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كورته‌  فیلمێكی به‌ڵگه‌یی به‌ ناوی “هیوا” به‌رهه‌م هێناوه‌. ناوه‌ڕۆكی ئه‌و فیلمه‌ باس له‌ سه‌ر مه‌ترسی له‌ناوچوونی زمانی كوردی له‌ نێو كورده‌كانی كه‌لارده‌شت  له‌پارێزگای مازنده‌رانی باكووری ئێران ده‌كا.

موژگان كاووسی كتێبی ئه‌نفال و چاره‌نووسی ته‌یموور،به‌رهه‌می عارف قوربانی نووسه‌ری خه‌ڵكی كه‌ركووكی، بۆ سه‌ر زمانی فارسی وه‌رگێراوه‌ته‌وه‌..

سه‌رچاوه‌: هه‌نگاو

كوردستان تیڤی/ كامران