CNN: ئه‌مریكا چوار هه‌زار سه‌ربازی لە ئه‌فغانستان دەکشینێتەوە

دوای دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان

ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئیداره‌ی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد تره‌مپ دوای دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، ژماره‌ی سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ئه‌فغانستان كه‌م بكاته‌وه‌.

له‌ هه‌واڵێكی كه‌ناڵی CNN كه‌ به‌پشتبه‌ستن به‌ زانیاری به‌رپرسێكی ئه‌مریكی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ هاتووه‌ دۆناڵد تره‌مپ پلان بۆ ئه‌وه‌ داده‌نێت چوار هه‌زار سه‌رباز كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌و 13 هه‌زار سه‌ربازه‌ی وڵاته‌كه‌ی كه‌ له‌ ئه‌فغانستان بڵاوەیان پێ کراوە، بكشێنێته‌وه‌.

پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد تره‌مپ باسی له‌وه‌ كردبوو كه‌ ده‌یه‌وێت ژماره‌ی سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ئه‌فغانستان كه‌م بكاته‌وه‌، هه‌وڵدانیشی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانه‌ دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی نێوان واشنتۆن و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان جێگای سه‌رنجه‌.

به‌گوێره‌ی CNN، ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2001ه‌وه‌ تا ئێستا 133 ملیار دۆلاری بۆ شه‌ڕ له‌ ئه‌فغانستان خه‌رجكردووه‌، هه‌روه‌ها دوو هه‌زار و 300 سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌و وڵاته‌ کوژراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زیاتر له‌ 58 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌فغانستان، 38 هه‌زار هاووڵاتی مه‌ده‌نی و نزیكه‌ی 42 هه‌زار چه‌كدار به‌درێژایی ساڵانی شه‌ڕ کوژراون.

له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می 2018شه‌وه‌ له‌نێوان ئه‌مریكا و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان دانوستانی ئاشتی ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌نجامدانی هێرشێك بۆسه‌ر سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان لە ئه‌فغانستان له‌ پێنجی ئه‌یلوولدا و له‌ ئه‌ستۆگرتنی هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانه‌وه‌، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد تره‌مپ دانوستانه‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

له‌ كۆتایی مانگی تشرینی دووه‌مدا سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ میانی سه‌ردانێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو بۆ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌ ئه‌فغانستان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ تاڵیبان بگات به‌ رێككه‌وتن.

دوای ئه‌م سه‌ردانه‌ش جارێكی دیكه‌ دەست بە دانوستانه‌كان کرایەوە.