لیژنه‌ى كشتوكاڵ داواى لابردنى زیاده‌ى بانكى كشتوكاڵى ده‌كات

لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری په‌رله‌مان تاووتوێى داواكارى و كێشه‌ى هاووڵاتییان و جووتیاران ده‌كات


له‌راگه‌یاندراوێكدا لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنى چه‌ند پرسێكى كشتوكاڵى و داواكارى و كێشه‌ى هاووڵاتییان و جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان، كاتژمێر10ى به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2019/12/3،  به‌سه‌رپه‌رشتیى عه‌بدولسه‌تار مه‌جید سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.


راشیده‌گه‌یه‌نن ، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێى داواكارى و كێشه‌ى هاووڵاتییان و جووتیاران كراو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ به‌ راو تێبینى و سه‌رنجه‌كانیان تیشكیان خسته‌سه‌ر كێشه‌ى جووتیاران.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى راگه‌یاندراوی لێژنه‌كه‌دا هاتووه‌ ، كه‌هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى دروستكردنى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ كرا بۆ له‌ناوبردنى كرم و سن و كیسه‌ره‌، جگه‌ له‌مه‌ش تاووتوێى پرسى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و جووتیارانه‌ كرا كه‌ له‌چه‌ند ساڵى رابردوودا زیانیان به‌ركه‌وته‌وه‌ به‌هۆى روودانى لافاو له‌ هه‌رێمى كوردستاندا.


له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ بڕیاریدا به‌فه‌رمى له‌رێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى حكومه‌تى هه‌رێم بكات بۆ لابردنى پاره‌ى زیاده‌ى بانكى له‌سه‌ر جووتیاران و راگرتنى قیسته‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ى زیانیان به‌ركه‌وتووه‌و جووتیاران پاره‌یان لاى حكومه‌ته‌.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز