ئۆپێك هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌دات

بۆ جاری دووه‌مه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ ده‌درێت

سامر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وتی عێراق ڕایگه‌یاند، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وتی ئۆپێك بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی چوارسه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌ر بكه‌ن و تێكرای ڕیژه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌وتی ئۆپێك بگه‌یینه‌ یه‌ك ملیۆن و شه‌سه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ ڕۆژێكدا. وه‌زیری نه‌وت عێراق ڕایگه‌یاند ڕێكخراوه‌كانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت و هاوپه‌یمانانی له‌ ئۆپێك وا بڕیاره‌ له‌ دانیشتنی ڤیه‌نا كه‌مكردنه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت زیاد بكه‌ن. ئه‌ندامانی هه‌نارده‌كاری نه‌وتی ئۆپێك ماوه‌ی سێ ساڵ له‌مه‌و به‌ر بڕیاریاندا  بۆ هاوسه‌نگ كردنی بازاڕ و پشتیوانی له‌ نرخی نه‌وت به‌رهه‌مهێنانی به‌ ڕیژه‌ی یه‌ك ملیۆن و دووسه‌د هه‌زار به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا كه‌مبكه‌نه‌وه. سامر غه‌زبان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ حكومه‌تی عێراق سه‌د له‌سه‌د ئه‌و بڕیاره‌ی ئۆپێك جێبه‌جێ كردووه‌ و ئه‌و ڕیككه‌وتنه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان ئه‌نجامیداوه‌ هاوكار بوو تاوه‌كو عێراق پابه‌ندی رێككه‌وتنی ئۆپێك بێت. عێراق به‌ دووه‌مین وڵاتی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئۆپێك داده‌ندرێت له‌ دوای سعودیه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی مامناوه‌ند له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ردا ڕۆژانه‌ سێ ملیۆن و پێج سه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی له‌ ڕۆژێكدا هه‌نارده‌ كردووه‌.