هێزه‌كانی ئیتلاعاتی ئێران نووسه‌رێكی كورد ده‌ستگیر ده‌كه‌ن

چه‌ندین وتاری له‌سه‌ر زمانی كوردی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌

یه‌كێك له‌ نووسه‌ران و لێكۆڵه‌رانی كورد له‌ شاری كه‌لارده‌شتی باكووری ئیران له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و چاره‌نووسی نادیاره‌.

به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو. ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٢٧ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٩) هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی كه‌لارده‌شت له‌ پارێزگای مازه‌نده‌ران، هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر ماڵی موژگان كاووسی، نوسه‌ر و لێكۆڵه‌ری كورد و ده‌ستبه‌سه‌ریان كردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ بنه‌ماڵه‌ی كاووسی ئه‌و هه‌واڵه‌ی بۆ هه‌نگاو پشراست كردووه‌ته‌وه‌ وڕاگه‌یاند ماوه‌ی ١٠ ڕۆژه‌ موژگان ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ و به‌دواداچوونه‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی بۆ وه‌رگرتنی بۆ زانیاری له‌سه‌ر چاره‌نووسی ناوبراو هیچ ئاكامێكی نه‌بووه‌.

موژگان كاووسی له‌ دوو پۆستی ئاخری لاپه‌ڕه‌ی ئینتستاگرامه‌كه‌ی به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی وێنه‌ی دوو كه‌س له‌ گیان به‌ختكردوانی خۆپێشندانه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی جوانڕۆ و مه‌ریوان داوای له‌ خه‌ڵك كردووه‌ كه‌ به‌رابه‌ر كوشتنی خۆپێشانده‌ران  بێده‌نگ نه‌بن و بێده‌نگی وه‌كوو خیانه‌ت ناوبردووه‌.

ئه‌و نووسه‌ره‌ كورده‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو چه‌ندین وتاری له‌سه‌ر زمانی كوردی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كورته‌  فیلمێكی به‌ڵگه‌یی به‌ ناوی “هیوا” به‌رهه‌م هێناوه‌. ناوه‌ڕۆكی ئه‌و فیلمه‌ باس له‌ سه‌ر مه‌ترسی له‌ناوچوونی زمانی كوردی له‌ نێو كورده‌كانی كه‌لارده‌شت  له‌پارێزگای مازنده‌رانی باكووری ئێران ده‌كا.

موژگان كاووسی كتێبی ئه‌نفال و چاره‌نووسی ته‌یموور،به‌رهه‌می عارف قوربانی نووسه‌ری خه‌ڵكی كه‌ركووكی، بۆ سه‌ر زمانی فارسی وه‌رگێراوه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ هه‌نگاو

كوردستان تیڤی/ كامران