مایک پۆمپیۆ: ئێران نایەوێت ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت

تا مەترسییەکانی ئەو وڵاتە دوورنەخەینەوە، توندوتیژییەکان بەردەوام دەبێت


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تویتەر ده‌نووسێت: ئێران نایەوێت ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت.

مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران نایەوێت ئاشتی لەناوچەکە سەقامگیربێت، تا مەترسییەکانی ئەو وڵاتە دوورنەخەینەوە، بازنەی توندوتیژییەکان لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبێت.

لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نوسیویەتی، ئێران هێزە سێبەرەکانی خۆی لەفەلەستین بەتایبەتیش بزوتنەوەی جیهادی فەلەستینی بەکاردەهێنێت بۆ لێدان لەهاوپەیمانە گرنگەکەیان کە ئیسرائیلە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە، پەیامەکەیان روونە ئەویش بەردەوامیدانە بەزیادکردنی فشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران تا ناچاردەبێت بگەڕێتەوە بۆ مێزی گفتوگۆ بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێکی چڕوپڕ کەناچاری بکات پشتیوانییەکانی بۆ گروپە تیرۆرستییەکان رابگرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، وڵاتانی جیهان ناتوانن چیدی داوای ئاشتی بکەن ئەگەر هەڕەشەکانی ئێران بەمشێوەیە بێ وەڵام بمێننەوە.