پاكستان.. به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رێك 62 سه‌رنشین گیانیان له‌ ده‌ستدا

ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ به‌هۆی دوو بوتڵی غازی بچووكه‌وه‌ بووه‌

شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی نه‌فه‌رهه‌ڵگر له‌ نزیك شاری لیاكاتپور باكووری پاكستان، دوای ئه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌ تیایدا روویدا سێ فاڵگۆنی ئاگری گرت، به‌پێی ئاماره‌ به‌راییه‌كان له‌و رووداوه‌دا، 62 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ باره‌ی ڕووداوه‌كه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی رێگا ئاسنینه‌كانی پاكستان، شێخ راشد ئه‌حمه‌د له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كیدا ڕایگه‌یاند: شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ كه‌ له‌ شاری كاراچی باشووری وڵاته‌وه‌ به‌ره‌و شاری راڤاڵپیندی له‌ باكوور ده‌چوو له‌ نزیك شارۆچكه‌ی لیاكاتپور سه‌ربه‌ شاری ره‌حیم یار خان باشووری هه‌رێمی په‌نجاب، دوای ئه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌ تیایدا روویداوه‌ ئاگری گرتووه‌.

ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌ هۆی دوو بتڵه‌غازی بچووكه‌وه‌ بووه‌ لای سه‌رنشینانی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ كه‌ بۆ ئاماده‌كردنی ژه‌می به‌یانی به‌كاریان هێناوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ سه‌رنشینان دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ و له‌ كاتی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌دا خۆیان له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ فڕێداوه‌ته‌ خواره‌وه‌، گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

بۆ به‌هاناوه‌چوونی برینداره‌كانیش سوپای پاكستان، سوپای پاكستان وه‌ك پشتیوانییه‌ك بۆ رزگاركردن و چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كان، پزیشكی ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی ناوچه‌كه‌ و شوێنی رووداوه‌كه‌ كرد بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هێلیكۆپته‌ری ئه‌مبوڵانسی به‌كارهێنا بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و بریندارانه‌ی باری ته‌ندروستیان هه‌ستیاربوو بۆ نه‌خۆشخانه‌كان.