هه‌رێم و به‌غدا بۆ ڕێككه‌وتن له‌باره‌ی بودجه‌ی 2020 نزیكن

دوای خۆپیشاندانه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌

دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی پیشاندانی نیازپاكی شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدایان كرد، گفتووگۆكانی نێوان به‌رپرسانی هه‌ردوولا نزیكن له‌ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام به‌هۆى دۆخى خۆپیشاندانه‌كانى به‌غداوه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى راگیراوه‌. جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێڕاق له‌ گفتووگۆكانمان به‌رده‌وامین و له‌ هه‌رلومه‌رجێكی گونجاو جارێكی دیكه‌ كۆده‌بینه‌وه‌. ڕاشیگه‌یاند گفتووگۆكان به‌ئاڕاسته‌ی باش هه‌نگاوی ناوه‌ له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی ئاسایی بوونه‌وه‌ی دۆخی به‌غداین تاوه‌كو بۆ گفتوگۆ سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ین. سێشه‌ممه‌ی رابردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌كه‌ی له‌ به‌غدا بودجه‌ی ساڵی دووهه‌زار و بیست خه‌مڵێندراوی هه‌رێمی كوردستانی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندى كرد بۆئه‌وه‌ی پێش په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراق به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش دیاری بكرێت.