تره‌مپ: شتێكی زۆر گه‌وره‌ روویداوه‌

كاتژمێر چوار به‌كاتی هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌یه‌كی گرنگ بڵاوده‌كاته‌وه‌

له‌ كاتێكدا تویتێكی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ كه‌ رایگه‌یاند "شتێكی زۆر گه‌وره‌ روویداوه‌" بووه‌ جێی سه‌رنجی هه‌موولایه‌ك، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ كرا كه‌ ره‌نگه‌ سه‌ركرده‌ی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی یه‌كه‌كانی ئه‌مریكادا له‌ پارێزگای ئیدلب باكووری رۆژئاوای سووریا، كوژرابێت.

تویته‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ كه‌ رایگه‌یاندبوو "كه‌مێك پێش ئێستا شتێكی زۆر گرنگ روویدا" لای رای گشتیی و میدیا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری دروست كرد.

دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ تویته‌كه‌، كۆشكی سپی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ كاتژمێر 16:00ی (به‌كاتی هه‌ولێر) ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، دۆناڵد تره‌مپ "روونكردنه‌وه‌یه‌كی گرنگ" بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌ ناوه‌ڕۆكی روونكردنه‌وه‌كه‌ نه‌كرد.