نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبوونەوەی نوسراوێك


نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی بڵاوبوونەوەی نوسراوێك سەبارەت خەرجكردنی بڕی نزیكەی 63 ملیۆن دیناری بۆ مانەوەی لە ئۆتێل دا رونكردنەوەیەكی بڵاوە كردەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:-

روونکردنەوەیەک لە بەرێوبەری گشتی
نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق( دکتۆر بەشیر حداد)ەوە

چەند رۆژێکە نووسراوێکی فەرمانگەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوكراوەتەوه سەبارەت بەکرێی نیشتەجێبوونی بەرێز دکتۆر بشیر حداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەمەوێ روونکردنەوەیەک بخەمە بەردیدی خوینەران كه ئه م بڕە پاره کرێی 11 مانگه كه بەرێزیان و ھەموو ئەندام پەرلەمانەکانی دەرەوەی شاری بەغدا له ھۆتێلی رشید لەسه ر حسابی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نیشتەجێکران.

ھەندێک لە پەرلەمانتارە بەرێزەکان ھەڵسان بەکرێگرتنی خانوو یا شوقە لەسەر بوجەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام بەپێی عورف و عادەت جێگری سەرۆک ناتوانێ خانوو یا شووقە بەکرێ بگرێ چونكه حکومەت خانووی بۆ دابین دەکات.

دوای ئەو ماوه زۆرە و چاوەڕوانی کردنە خانووی وەرگرت و ھۆتێلی به جێھێشت، بۆ ئاگاداریش له خولەکانی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم شته ھەبووە و بەزیادەوەش.

دکتۆر بشیر حداد وەکو کەسێکی بەرپرس دەبێت شوێنی حەوانەوەی بۆ دابین بکرێت و له شوێنێکی شایستە له لایەن حكومەتی عێراقەوە، وە بە ھیچ جۆرێک جەنابیان ئاگاداری ئەو بابەتە نیه چونكه ئەمە شتێکی ئیدارییە.

هیوادارم ئێمەی كورد رێز له كەسایەتیەكانی خۆمان بگرین و پشتیوانیان بین.
تێبینی: مەبلەغی نانخواردن له سەر حسابی تایبەتی خۆیەتی ھیچ پەیوەندی به ئەنجومەنی نوێنەرانەوە نیە.

بەرێوبەری گشتی
نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق