یاد و وه‌فایه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو سوبحی كۆیی

دامه‌زرێنه‌ری تیپی هه‌ڵپه‌ڕكێی سه‌ندیكای كرێكاران بوو

به‌ ده‌ست خۆم نیه‌، ده‌بێ هه‌موو ساڵێك یادی هونه‌رمه‌ندی هه‌ڵكه‌وتوو سوبحی كۆیی بكه‌مه‌وه‌ و هه‌ر هیچ نه‌بێ چه‌ند دێرێكی له‌سه‌ر بنووسمن چونكه‌ له‌ ماوه‌ی 25 ساڵی ته‌مه‌ندا توانی وه‌ك ئه‌كته‌رێكی كارامه‌ و لێزان بوونی خۆی بسه‌لمه‌ێنێ و ڕابردوویه‌كی پرشنگدار له‌ دوای خۆی جێ بهێڵێ كه‌ هه‌موو لایه‌كمان شانازیی پێوه‌ بكه‌ین.

پرۆڤایلی سوبحی كۆیی
ڕاسته‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ له‌ بواری هونه‌ریدا به‌ سوبحی كۆیی ناسراو بوو، به‌ڵام ناوی ته‌واوی سوبحی ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵایه‌ و له‌ ساڵی 1955 له‌ دایك بوه‌ و ده‌رچووی قۆناغی ناوه‌ندیه‌ و سه‌ره‌تای كاری هونه‌ری له‌ ساڵی 1972 به‌ ئه‌شق و خۆشه‌ویستیه‌كی بێ ئه‌ندازه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ڕۆح له‌ جه‌سته‌یدا بوو، هه‌ر له‌ مه‌یدانی هونه‌ردا به‌رده‌وام بوو، هه‌میشه‌ بۆ ئه‌و ئه‌شقه‌ چه‌شنی مۆمێك ده‌سووتا تا چوار ده‌وری خۆی ڕۆشن بكاته‌وه‌ و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌ خۆی ڕازی بكات.
ته‌مه‌نێكی كه‌م و به‌رهه‌مێكی زۆر
ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر به‌رچاوه‌ و ده‌بێ هه‌وڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ته‌مه‌نێكی كه‌می هه‌بوو، به‌ڵام خاوه‌ن به‌رهه‌مێكی زۆر بوو، بۆیه‌ ته‌نیا 25 ساڵ به‌بێ زیاد و كه‌م ژیا، به‌ڵام توانیی به‌شداری له‌ چه‌ندین كاری هونه‌ری بكات وه‌ك ماره‌یی و ساخته‌چی ئاخر زه‌مان و چڵپاو و نه‌خۆشیی ددان و مه‌سه‌له‌ی شارێك و هه‌ور و ساماڵ و پانتۆمایم و كاوه‌ی ئاسنگه‌ر و مه‌عقول و كاروانی خه‌بات و له‌ پێناو ڕوناكیدا و ئۆپه‌رێتی ڕووباری ژیان و شانۆگه‌رییه‌كانی داستانی شۆڕش و نه‌خۆشیی له‌بیرچوونه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنی جووتیار و خه‌ملی په‌مۆ و بێ مێشك و نرخی ئازادی و به‌گدرووی ئاخر زه‌مان و چاڵی جه‌رگی پیره‌ژن
دامه‌زرێنه‌ری تیپی هه‌ڵپه‌ڕكێی سه‌ندیكای كرێكاران بوو
ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بلیمه‌ته‌ وێڕای كاره‌ هونه‌رییه‌كانی دیكه‌ی سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ری زۆری هه‌بوو به‌ جۆرێك له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ خزمه‌تی ده‌كرد و یه‌كێك بوو له‌ دامه‌زرێنه‌ری تیپی هه‌ڵپه‌ڕكێی سه‌ندیكای كرێكاران و له‌و ڕێگایه‌وه‌ به‌شداری كارای هه‌بووه‌ له‌ تابلۆ هونه‌رییه‌كانی وه‌ك تابلۆكانی كوێستان و شوان و بادینی و لۆركێ و نه‌ورۆز و دروونه‌، بێگومان هه‌ر یه‌ك له‌و تابلۆیانه‌ش جاران و ئێستاش جه‌ماوه‌ری تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ كه‌ به‌ ئه‌شق و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ گوێی لێده‌گرن و له‌گه‌ڵیدا كاته‌كانیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
سوبحی و مه‌سه‌له‌ی شارێك
هه‌روه‌ك له‌ پێشه‌وه‌ هێمامان بۆ كرد كه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كۆچكردووه‌ چالاكی هونه‌ری له‌ چاو هاوكوفانی خۆی یه‌كجار زۆر بوو، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین به‌ گوێره‌ی ته‌مه‌نه‌كه‌ی نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌و هه‌ر زوو ماڵئاواییكرد و هه‌موومان جێهێشت، كه‌چی به‌رهه‌مێكی بێ ئه‌ندازه‌ی له‌ دوای خۆی جێهێشت، به‌ڵام له‌ هه‌موویان به‌رچاوتر ته‌مسیلی (مه‌سه‌له‌ی شارێك) بوو كه‌ ئه‌و ڕۆڵی (مه‌نیجی به‌ربوك) ی تێدا ده‌بینی و له‌و ساوه‌ تا ئێستا ئه‌و ته‌مسیلیه‌ و ڕۆڵی سوبحی جوانه‌مه‌رگ له‌به‌ر دلانن و هه‌رگیز كۆن نابن و ئێستا خه‌ڵكی له‌ نێو خۆیاندا قسه‌ و باسی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ جۆرێك له‌گه‌ڵ هه‌موو كات و سه‌رده‌مێكدا ده‌گونجێ، ئه‌وا داهێنان و ئیبداعه‌كه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كۆچكردووه‌ش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ كه‌ زۆر زیره‌كانه‌ شان به‌ شانی سه‌لام كۆیی و جه‌لال به‌یاری كۆچكردوو و عه‌لی ئه‌حمه‌د و هۆشیار عه‌بدولڕه‌حمان ته‌مسیلی ده‌كرد كه‌ ده‌تگوت بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ خولقاوه‌.
دوا وێستگه‌ و دابڕان
هه‌موو مرۆڤێك چه‌ندی بژێ دوور له‌ ویستی خۆی ده‌بێ له‌ دوا وێستگه‌دا بوه‌ستێ و ئیدی ماڵئاوایی له‌ هه‌موو ئازیز و خۆشه‌ویستانی بكات و له‌به‌ر چاو و دیده‌مان ون بێ، ئه‌وه‌تا ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زن و پڕ به‌رهه‌مه‌، ڕۆژی 13 ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 1980 جوانه‌مه‌رگ بوو و، بۆ دوا جار ماڵئاوایی لێكردین، هه‌زار ڕه‌حمه‌تی لێ بێ و ڕۆحی شاد بێ. 

ن/ محه‌مه‌د سه‌عید كورده‌ 

كوردستان تیڤی/ كامران