بەشیر حەداد: لەگەڵ کۆمەڵەی پەرلەمانانی ناتۆ تاوتوێى مەترسی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستانمان كرد

لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا


لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی پەرلەمانانی ناتۆ کە ئێستا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ شاندە بەشداربووەکانی ناو کۆمەڵەکە ئەنجامدا، لەوانەش یش
شاندى تورکی بەسەرۆکایەتی عوسمان ئیسکان بەگ ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و شاندی بەریتانی بە سەرۆکایەتی ریچارد بنوین و شاندی ئوسترالی بە سەرۆکایەتی سیناتۆر دێڤید فاکت.
لە میانەی کۆبوونەوەکاندا باس لە دوا پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی و ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و مەترسیەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ئاوارەبوونی سەدان خانەوادە لەو ناوچانە و کاریگەریان لەسەر سنوری عێراق کرد. 
دکتۆر بەشیر حەداد جەختی لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەندامانی رێکخراوی ناتۆ و هەوڵەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئەمن و ئاسایش کردەوە و ئاماژەشی بە پێویستی هاوکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ بۆ عێراق لە بواری سەربازی و ئاسایش و ئابووری و بەرەوپێشبردنی هێزی سەربازی و بەرگری هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هەموو جۆرەکانیەوە کردەوە.
لەلایەن خۆیانەوە شاندی ئەو وڵاتانە پێشوازیان لە بەشداری شاندی عێراقی کرد لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی پەرلەمانانی ناتۆ و ئاماژەشیان بەوەدا کە ئەوە بەشداربوونە کاریگەری دەبێت لە سەر رۆڵ و کاریگەری عێراق و چارەسەركردنى كیشەكانى ناوچەكه و بەپێویستیشیان زانی کە هاوکارییەکانیان بەردەوام بێت بۆ عێراق، چونکە کاریگەری لەسەر بەرقەرارکردنی ئەمن و ئاسایش ناوچەکە هەیە.    

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق