موزه‌خانه‌یه‌ك كاره‌ هونه‌رییه‌كانی (بیكاسۆ) له‌ باوه‌ش ده‌گرێ

ژماره‌یه‌ك تابلۆی به‌نرخی ئه‌و وێنه‌كێشه‌ ناوداره‌ی تێدایه‌

موه‌خانه‌یه‌ك به‌ناوی (سرسق) هه‌یه‌ كه‌ پێشانگایه‌كی بۆ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی وێنه‌كێشی جیهانی به‌ناوبانگ (بیكاسۆ) له‌ باوه‌ش ده‌گرێت كه‌ ژماره‌یه‌ك تابلۆی به‌نرخی ئه‌و وێنه‌كێشه‌ ناوداره‌ی تێدایه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌ پاره‌یه‌كی قه‌به‌ ده‌خه‌ملێنرێت، ئه‌و پێشانگایه‌ له‌ كۆتایی مانگی ڕابردوودا ده‌رگای به‌ ڕووی میوانان و گه‌شتیاران كراوه‌ته‌وه‌ و تا مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 2020 به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌توانن هه‌موو لایه‌ك سه‌ردانی بكه‌ن، ئه‌و موزه‌خانه‌یه‌ش له‌ ساڵی 1961 و له‌ ناوه‌ڕاستی به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنان كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ چه‌ندین كاری هونه‌ری هاوچه‌رخی تێدا پارێزراوه‌ و ڕۆژانه‌ میوانێكی زۆر سه‌ردانی ده‌كه‌ن و تاموچێژ له‌ تابلۆ ناوازه‌كان وه‌رده‌گرن.

ده‌بێ بگوترێ وێنه‌كێش و په‌یكه‌رتاشی ناوداری جیهانی (بابلۆ بیكاسۆ ) له‌ 25 ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1881 ی زاینی له‌ شاری مه‌له‌گه‌ی باشووری وڵاتی ئیسپانیا چاوی بۆ ژیان هه‌ڵهێناوه‌ و له‌ سه‌رده‌می خۆیدا به‌ یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌ شێوه‌كارییه‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌كان ئه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه‌ له‌ هه‌ردوو بواری وێنه‌كێشان و په‌یكه‌رتاشیدا هونه‌رمه‌ندێكی بێ هاوتا بوو، به‌ پێی ئه‌وه‌ی ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو له‌ داهێنانی بزووتنه‌وه‌ی (ته‌كعیبی) و قوتابخانه‌كانی دیكه‌ی شێوه‌كاری وه‌ك سریالی و ته‌عبیری و .. تد، بۆیه‌ به‌ هونه‌رمه‌ندی سه‌ده‌ی بیسته‌م ناوی ده‌برێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێ له‌و كوورته‌ نووسینه‌دا باس له‌ هه‌موو ژیانی ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ بكه‌ین زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانین هه‌قی خۆی به‌ته‌واوی پێ بده‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نیا ده‌توانین تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر لایه‌نێكی زۆر بچووكی ژیانی و به‌ ئاشق و سه‌وداسه‌رانی ئاشنا بكه‌ین.

 ئه‌وه‌تا زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كانی مێژوو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ شێوه‌كارییه‌ به‌رزه‌ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ به‌هره‌ی وێنه‌كێشی پێوه‌ دیار بووه‌، بۆیه‌ هه‌ر زوو تایبه‌تمه‌ندی له‌ وێنه‌كێشانی باڵنده‌ و سروشت وه‌رگرتووه‌، بیكاسۆ وه‌ك وه‌فادارییه‌ك هه‌موو جارێك ئه‌وه‌ی دووباره‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ من له‌ژێر ده‌ستی دایكی خۆشه‌ویستم فێری هونه‌ری وێنه‌كێشان بووم، چونكه‌ ئه‌م هه‌میشه‌ به‌دوامه‌وه‌ بوو و سه‌رپه‌رشتی ئه‌و به‌هره‌ گه‌شه‌ی ده‌كردم، چونكه‌ دایكم هه‌ر له‌ زووه‌ وه‌ مامۆستای وێنه‌كێشان و وێنه‌گرتن بوو، سه‌رباری ئه‌مه‌ش سه‌په‌رشتی موزه‌خانه‌ی ده‌كرد له‌ شاره‌كه‌ماندا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دایكم نه‌بوایه‌ من ئه‌و مرۆڤه‌ به‌ ناوبانگه‌م لێ نه‌ده‌هاته‌ به‌رهه‌م كه‌ هه‌موو جیهان شانازی پێوه‌ بكات، هونه‌رمه‌ندی ناوبراو وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ له‌ ژیانی تایبه‌تی خۆیدا به‌ گه‌لێك قۆناغی سه‌ختی ژیاندا گوزه‌ری كردووه‌ و ترشی و تاڵی زۆری چه‌شتووه‌، به‌ڵام زۆر جار ئه‌وه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ ساڵی 1895 ساڵی یه‌كجار شووم بوو بۆ من، چونكه‌ له‌و ساته‌ وه‌خته‌دا مردنی براكه‌م به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر ژیانم جێهێشت و ژیانی منی به‌ره‌و هه‌ڵدێر برد، به‌ڵێ ئه‌وه‌ی ژیانی بیكاسۆ به‌ ته‌واوی نه‌خوێنێته‌وه‌ هه‌ر وا ده‌زانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ فه‌ڕه‌نسییه‌، كه‌چی ئه‌م به‌پێی ته‌مه‌نی ڕۆژگار و بارو زروفی تایبه‌تی خۆی زۆربه‌ی ژیانی خۆی له‌ فه‌ره‌نسا به‌سه‌ر بردووه‌ و له‌ 8 ی ئه‌بریلی ساڵی 1973 هه‌ر له‌و وڵاته‌ كۆچی دوایی كردووه‌ و هه‌ر له‌وێش نێژراوه‌.

 ن/ محه‌مه‌د سه‌عید كورده‌

كوردستان تیڤی/ كامران