وەزارەتی بەرگریی عێراق: سوپا له‌ناوچه‌ى سه‌در كشایه‌وه‌

هێزەكانی پۆلیسی فیدرال سەربە وەزارەتی ناوخۆ لەناوچەكەدا جێگیر ده‌كرێن

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند كە دەستیكردووە بە كێشانەوەی هێزەكانی سوپا لە ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا بۆ ئەوەی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ لە ناوچەكەدا جێگیربكرێن.

دوێنێ‌ لە خۆپیشاندانەكەی ناوچەی سەدر، هێزە ئەمنییەكان گوللـەی راستەقینە، بۆمبی دەنگی و گازی فرمێسكڕێژیان بە ئامانجی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكارهێنابوو بە بیانووی ئەوەی خۆپیشاندانەكە بەبێ‌ وەرگرتنی مۆڵەت ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە هەشت كەس كوژران و ٢٠ی دیكەش برینداربوون.

پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی فەرمانی دابوو بە كشانەوەی هێزەكانی سوپا لە ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا و جێگیركردنی هێزەكانی پۆلیسی فیدرال لە ناوچەكە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە کە تیادا هاتووە "دەستمانكردووە بە كشانەوەی هێزەكانی سوپا لە ناوچەی سەدر بۆ ئەوەی هێزەكانی پۆلیسی فیدرال سەربە وەزارەتی ناوخۆ لەناوچەكەدا جێگیر بكرێن".

لە راگەیەندراوەكەدا تیشك خراوەتە سەر ئەوەی كە مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتییان و پاراستنیان، ئەرك و بەرپرسیاریەتی سەرجەم هێزە ئەمنییەكانە و ئاماژە بەوەش كراوە كە بەكارهێنانی هێز بەرامبەر بە هاووڵاتییان رێگە پێنەدراوە.

پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە سوپای عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردبووەوە کە تیادا هاتووە "سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهدی فەرمانیداوە بە كشانەوەی هێزەكانی سوپا لە ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا و جێگیركردنی هێزەكانی پۆلیسی فیدرال لە ناوچەكەدا".

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە عادل عەبدولمەهدی ئەو فەرمانەی بە هۆی ئەو پێكهەڵپژانە دەركردووە كە دوێنێ‌ یەكشەممە لە میانی خۆپیشاندان لە ناوچەی سەدر لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویدابوو.

دوێنێ‌ یەکشەممە لە خۆپیشاندانەكەی ناوچەی سەدر، هێزە ئەمنییەكان گوللـەی راستەقینە، بۆمبی دەنگی و گازی فرمێسكڕێژیان بە ئامانجی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكارهێنابوو بە بیانووی ئەوەی خۆپیشاندانەكە بەبێ‌ وەرگرتنی مۆڵەت ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە هەشت كەس كوژران و ٢٠ی دیكەش برینداربوون.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە"لە خۆپیشاندانەكەی دوێنێی ناوچەی سەدردا، هێز لە دەرەوەی یاسای دیكراوی پێكدادان و رووبەڕووبوونەوە، بەكارهێنراوە".

بەپێی راگەیەندراوەكە لە میانی لێكۆڵینەوكاندا، دەستكراوە بە ریكارەكان بە ئامانجی سزادانی ئەو فەرماندە و ئەفسەرانەی كە ئەو كارە هەڵەیەیان ئەنجامداوە.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا شانەی راگەیاندنی جەنگی سەربە سوپای عێراق جەختیكردووتەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە سەرجەم هێزە ئەمنییەكان پابەندبن بە یاسایی دیاریكراوی پێكدادان و رووبەڕووبوونەوەكان بەتایبەتیش لە پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران، هەروەها بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی.

لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و پێكهەڵپژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە.

خۆپیشاندەران هێزەكانی حكوومەت بەوە تۆمەتبار دەكەن كە هێزە ئەمنییەكان بە دەستڕێژی گوللـە رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، بەڵام هێزەكانی حكوومەت بانگەشەی ئەوە دەكەن كە كارمەندانی ئەمنی و خۆپیشاندەران لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا بوونەتە ئامانجی قەناس بەدەستە نەناسراوەكان.

بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون، گەیشتووەتە ١٠٤ كەس، هەروەها شەش هەزار و ١٠٧ كەسی دیكە برینداربوون.