راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق: دژبە هەوڵەكان بۆ رووخاندنی وڵاتەكەمان دەجەنگین

بەرگریی لەو دەستوورەش دەكەین كە بە خوێن و قوربانییدان بەدی هاتووە


وەك ئاماژەیەك بۆ خۆپیشاندانەكان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، فالح فەیاز رایگەیاند، دژبە بەو هەوڵانە دەجەنگن كە بۆ رووخاندنی وڵاتەكەیان دەدرێن.

فالح فەیاز لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "كاردەكەین لە پێناو بنبڕكردنی گەندەڵی و دژبە بەو هەوڵانەش دەجەنگین كە بۆ رووخاندنی وڵاتەكەمان دەدەرێن، هەروەها بەرگریی لەو دەستوورەش دەكەین كە بە خوێن و قوربانییدان بەدی هاتووە".

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، فالح فەیاز ئاماژەی بەوەیشكرد كە هێزە چەكدارەكان بەدوورن لە هەر ناكۆكێكی سیاسی لە عێراق و تەنها بەرگریی لە دەستوور و وڵات دەكەن و هیچ پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نییە.

فالح فەیاز باسی لەوەیشكرد كە لە ماوەكانی داهاتوودا، لێكۆڵینەوەكان ئەوە دەسەڵمێنن كە كێ لە پشت رووداوەكانی كوشتن و توندوتیژییەوەیە لە میانی خۆپیشاندانەكاندا و جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە رێگە بە هیچ كەسێك نادەن یاری بە ئاسایشی گەلی عێراقەوە بكات.

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گوتیشی: "دەزانین كێ لە پشت خراپەكارانەوەیە لە خۆپیشاندانەكاندا، پلان داندرابوو بۆ بەئامانجكردنی عێراق"، بێ‌ ئەوەی ئەو لایەنانە ئاشكرا بكات.

لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و پێكداهەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە.

خۆپیشاندەران هێزەكانی حكوومەت بەوە تۆمەتبار دەكەن كە هێزە ئەمنییەكان بە دەستڕێژی گوللـە رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، بەڵام هێزەكانی حكوومەت بانگەشەی ئەوە دەكەن كە كارمەندانی ئەمنی و خۆپیشاندەران لە میانی خۆپیشاندانەكاندا بوونەتە ئامانجی قەناس بەدەستە نەناسراوەكان.

بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون، گەیشتووەتە ١٠٤ كەس، هەروەها شەش هەزارو ١٠٧ی دیكە برینداربوون.