چین.. به‌هۆی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ له‌ كارگه‌یه‌ك 19 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌

ده‌سه‌ڵاتدارانی چین ڕایانگه‌یاند: به‌هۆی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ له‌ كارگه‌یه‌كی كه‌لوپه‌لی به‌كارهاتوو 19 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و سێ كه‌سیش به‌ سه‌ختی برینداربوون.

ڕاشیانگه‌یاند ئاگره‌كه‌ له‌ كه‌رتی چیجیانگ ڕوویداوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ ڕووداوه‌كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌. 

ئه‌م ڕووداوه‌ی ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ وڵاتی چین خۆی ئاماده‌ ده‌كات بۆ ئاهه‌نگی به‌یانی ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ به‌بۆنه‌ی یادی 70 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆماری چین، پێشتریش ده‌سه‌ڵاتداران میدیاكانیان ئاگادار كردبۆوه‌ كه‌ هه‌واڵی ناخۆش بڵاونه‌كه‌نه‌وه‌ له‌كاتی نزیك بوونه‌وه‌ی ئه‌و ئاهه‌نگه‌. 

جێی ئاماژه‌پێدانه‌ وڵاتی چین زۆرترین كاره‌ساتی سروشتی تیایدا ڕووده‌دات، دوا ڕووداویش ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ی كارگه‌ی كیمیاوی بوو له‌ كه‌رتی جیانگسو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ له‌ مانگی ئاداری ئه‌مساڵ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 78 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.