سبه‌ی دوو ساڵ به‌سه‌ر ساڵڕۆژی ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تێده‌په‌ڕێت
سبه‌ی دوو ساڵ به‌سه‌ر ساڵڕۆژی ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه به به‌شدارى 92.7% ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان، به رابه‌رایه‌تى سه‌رۆك بارزانی، سه‌رۆكی پیشووى هه‌رێمی كوردستان، تێپه‌ڕده‌بێت و نوسه‌ر و چاودێرانی سیاسى هه‌رێمی كورستانیش به‌م شێوه‌یه باس له گرنگى و ره‌هه‌نده‌كانى ئه‌و پرۆسه‌كه ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ی پرسیاری ئایا ریفراندۆم له رووی سیاسییه‌وه بووه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و زوڵم و زۆریانه‌ی له كورد كران؟
عارف قوربانی نووسه‌رو چاودێری سیاسی گوتی: به تێگه‌یشتنی من نه‌خێر ، نه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خه‌بات و تێكۆشان و فیداكارییه‌كانی ڕابردووی ئێمه بووه ، نه به‌ته‌نهاش هی قوربانییه‌كانمان بووه، به‌ڵكو وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی مافه‌كانی میلله‌تی ئێمه و ئه‌و قوربانیانه‌ی كه‌وا به‌خشیومانه، ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه و هه‌ر ڕۆژێك كوردستان به مافه ڕه‌واكانی خۆی گه‌یشت و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كورد دروست بوو له ناوچه‌كه‌دا ، ئه‌وه ده‌بێته وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه.
عارف قوربانی
قوربانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه ڕیفراندۆم هه‌نگاوێكی پێویست بوو بۆ گۆڕینی ستراتیژیییهتی نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ گه‌یشتن به ئامانجی بوون به ده‌وڵه‌ت ، چونكه له ڕابردوودا به درێژایی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد له كوردستانی ئێراقدا لهودۆزهدا له چوارچێوه‌ی ویلایه‌تی موسڵدا ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان بوو به به‌شێك له ئێراق، ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه داوای ده‌وڵه‌ت نه‌بووه، به‌ڵكو پێكه‌وه ژیان بووه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب له عێراق و هه‌وڵدان بووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی خۆبه‌رێوه‌به‌رێتی له چوارچێوه‌ی ئۆتۆنۆمی و فیدڕاڵی‌دا، به‌ڵام مێژوو سه‌لماندوویه‌تی نه فیدڕاڵی و نه ئۆتۆنۆمی چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وه‌یی هیچ گه‌لێكی له دونیادا نه‌كردووه، تاوه‌كو ئه‌زموونێك ئێمه كه‌ڵكی لێوه‌ربگرین، یانیش پێمان وابێت ده‌بێته چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی ئێمه له عێراقدا، له‌به‌ر ئه‌وه تاكه بژارده‌ی ڕاسته‌قینه و واقیعی بۆ میلله‌تی ئێمه سه‌ربه‌خۆییه. بۆیه ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان گۆڕینی ئه‌و ستراتیژییه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد بوو ، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و ئامانجه تێبكۆشیین له داهاتوودا.هه‌روه‌ها به ڕیفراندۆم پیشانی هه‌موو گه‌لانی دونیاماندا كه ئیتر ستراتیژی ئێمه ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ده‌وڵه‌تمان هه‌بێت.
ئه‌و چاودێره سیاسییه گوتیشی: ئه‌وه‌شمان سه‌لماند كه میلله‌تی ئێمه هیچی كه‌متر نییه له‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ی خۆیانن ، پیشاندانی ئه‌و واقعه‌ش بوو به‌وه‌ی كه‌ئێمه ناتوانین له‌گه‌ڵ ئه‌و پێكهاته‌یه بژین كه ئێستا حاكم و كاربه‌ده‌ستی به‌غدان.
هه‌روه‌ها عارف قوربانی ده‌ڵێت: ته‌ما شا بكه‌ن له ڕابردوودا نزیكه‌ی 85 ساڵ سوننه حوكمی عێراقی كردووه له‌و ماوه‌یه‌دا عه‌ره‌بی شۆڤێنی 5 جار جینۆسایدی میلله‌تی ئێمه‌ی كردووه و له‌و 5 جار جینۆسایده‌ش میلله‌تی كورد تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه بێ‌ئومێد نه‌بوو كه پێی وابێت له داهاتووی عێراقدا شوێنی ژیان و ده‌رفه‌تی ژیانی بۆ نامێنێته‌وه ، هه‌ر به‌هیواوه بووین ڕۆژێك بێت عێراق ئاڵوگۆڕی تیا بكرێت و ئهقڵییهتێك حوكمڕانی ئه‌و وڵاته بكات ، كه عێراق عێراقى هه‌مووان بێت، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بووین دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس ئه‌م ده‌رفه‌ته بڕه‌خسێت كه ئیتر كورد و عه‌ره‌ب له عێراقدا شتێك نه‌مێنێت وه‌كو جیاوازی، به‌ڵكو عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تێكی ڕاسته‌قینه و شعوركردن به هاوبه‌شی هه‌موومان تیایدا به‌شدار بین ، به‌ڵام به 15 ساڵی حوكمڕانی شیعه له عێراقدا وێنایه‌كیان دروستكرد كه كورد هیچ ئومێدێكی بۆ نه‌مێنێت له داهاتوودا بتوانێت له‌م وڵاته‌دا بژیت، بۆیه ناچاری بیری له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێت به دوای ڕزگاربووندا بگه‌رێ كه ڕیفراندۆم ئه‌و ئامرازه بوو.
ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ریش ته‌ماشای مێژووی گه‌لان بكه‌ین كه به‌خه‌باتی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی گه‌یشتوون به ئامانجه‌كانی خۆیان و ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ڕابردووی خۆشمان بكه‌ین ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی كه له ڕابردوودا بۆمان هاتوونه‌ته پێش ، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه له ڕابردوودا ستراتیژی ده‌وڵه‌تبوونمان نه‌بووه، ئه‌گه‌ر بیهێنینه پێش چاو له ساڵی 1991 به‌شێكی زۆری جوگرافیای كوردستان كه‌وته‌وه ژێر ده‌ستی خه‌ڵكی كوردستان خۆی و خه‌ڵكی كوردستان بڕیاریدا خۆی حوكمڕانی خۆی بكات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ستراتیژی ده‌وڵه‌تمان نه‌بوو، هه‌تا ئه‌و كاته‌ش زه‌مینه‌كه زۆر لهبارتریش بووایه بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت، كورد به‌نیازی ده‌وڵه‌ت نه‌بوو ،چونكه له زهنییه‌تی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی گه‌لی كورددا ، ستراتیژی ئێمه دروستكردنی ده‌وڵه‌ت نه‌بوو .
قوربانی روونیشیكرده‌وه كاتێكیش كه سه‌دام ڕووخا ، ئێمه خاوه‌نی حكومڕانییهتی خۆمان بووین و زۆربه‌ی جیهان لۆمه‌ی ده‌كردین به‌وه‌ی كه كورد نیمچه حكومڕانییه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌بوو ،چ پێویستی به‌وه بوو بچێته‌وه بۆ به‌غدا و ته‌سلیمی به‌غدا بێته‌وه، ئه‌وه لهكاتێكابوو كه سه‌دام ڕووخابوو و به‌غداش زۆر لاواز بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ستراتیژمان دروستكردنی ده‌وڵه‌ت نه‌بوو، په‌نامان برده‌وه به‌ر به‌غدا. به‌ڵام ئێستا ستراتیژی ئێمه زۆر ڕوونه و ئێمه ده‌مانه‌وێ ده‌وڵه‌تی كوردستان‌مان هه‌بێت ، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر هه‌لومه‌رجێك بڕخسێ له هه‌ر چركهساتێدا بێت كه زه‌مینه خۆش بێت بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان بتوانێ ده‌وڵه‌ت ڕابگه‌یه‌نێت ، به دڵنیاییه‌وه یه‌ك چركه‌ساتیش ناوه‌ستین و به دڵنیاییشه‌وه شه‌رعییه‌تێكی دیموكراسیمان هه‌یه كه میلله‌ته‌كه‌ی ئێمه له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كی زۆر دیموكراسی و باوی سه‌رده‌مدا كه ڕیفراندۆمه و میلله‌ته‌كه ئه‌و متمانه‌یه‌ی به‌خشیوه‌ته‌وه به كاری سیاسی و له هه‌ر قۆناغێكیشدا كه پێویست بكات ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كه‌ین، ڕیفراندۆمیش ئامرازێك بوو بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه و بووه گۆرینی ئه‌و ستراتیژییه‌ی كه كورد به‌دوای ده‌وڵه‌تدا بگه‌ڕێ .
سۆران سێوكانی: ڕیفراندۆم شكستی نه‌هێناوه، به‌ڵكو خیانه‌ت وخیانهتكاران شكستیان هێنا
سۆران سێوكانی
سۆران سێوكانی، نووسه‌رو چاودێری سیاسی له‌باره‌ی پرسیاری ئه‌وه‌ی بۆچی هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن به‌شدارییان له ریفرادۆم كرد‌و به‌ڵام دوا به‌دوای ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌كانی به خراپیان له‌قه‌ڵه‌مدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌شدارییان تێدا نه‌كردبێ؟، گوتی: ڕیفراندۆم بۆ گه‌لی كورد له ههموشۆڕشهكان كاریگهتربوو. بۆچی؟ ، چونكه شۆڕش چه‌ند هه‌زار كه‌سێك پێی هه‌ڵده‌ستن، به‌ڵام ڕیفراندۆم ده‌نگی هه‌مو گه‌لی كورد بوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی و به‌به‌رچاوی هه‌موو جیهانه‌وه،
هه‌روه‌ها گوتی: له ڕاستیدا نوخبه‌ی سیاسی ده‌كرێت به سێ به‌شه‌وه، به‌شێكیان ئه‌وانه بوون كه به مه‌بده‌ئی له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمدا بوون و په‌شیمانیش نه‌بوون، ئه‌وانه‌یش ده‌توانین بڵێین له پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر ده‌رده‌كه‌وێ.
به‌شێكی تریان ئه‌وانه بوون كه به‌ناچاری و له ترسی قسه‌ی خه‌ڵك به‌شداریان كرد وه‌ك یه‌كێتی، كه له‌به‌ر جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و له‌به‌ر ئه‌و زه‌خته‌ش كه خه‌ڵك هه‌یبوو بۆ مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆم، ناچار بوو بێت ژێربارهكه له به‌ر ئه‌و فشاره ده‌ره‌كیانه‌ی كه له سه‌ری بوو ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه ئه‌و شانازییه به ته‌نیا نه‌درێته سه‌رۆك بارزانی حه‌زیان به ڕیفراندۆمه‌كه نه‌ده‌كرد و دواجاریش بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و خیانه‌ته گه‌وره‌یه ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌وه‌ش له‌سه‌ره‌تاوه ئاشكرابوو چونكه له سلێمانیدا زۆر به ساده‌یی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرا و هیچ چالاكییه‌كیان نه‌بوو.
كۆمه‌ڵێكی تریش هه‌بوون له‌گه‌ڵ هه‌وای خه‌ڵكه‌كه‌دا بوون بۆ نموونه كۆمه‌ڵی ئیسلامی به تایبه‌ت ئه‌میره‌كه‌یان ئه‌سڵه‌ن بڕوایان به‌وه نییه كورد خاوه‌نی كیانی خۆی بێت، به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌ویش هاته ژێر فشاری ده‌ره‌وه له ڕۆژی گشتپرسییه‌كه‌دا گوتی ده‌نگمان داوه به به‌ڵێ. كۆمه‌ڵێكی تریش هه‌بوون هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمدا نه‌بوون و ده‌یانگوت نه‌خێر له ئێستادا.
به گشتی ئه‌وه‌ی كه خاوه‌نی مه‌بده‌ئی خۆی بوو ئێستاش سووره له‌سه‌ر ئه‌وه و پێشی وایه كه ڕیفراندۆم له هه‌مو شۆڕشه‌كانی كورد گه‌وره‌تر بوو، چونكه شۆڕش چه‌ند كه‌سانێك كردوویانه ، به‌ڵام ڕیفراندۆم گه‌لێك كردوویه‌تی بۆیه كه‌س ناتوانێ بیسڕێته‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: بۆیه ئێمه ده‌بێت به‌م شێوه‌یه نوخبه‌كان پۆلێن بكه‌ین، به‌ڵام له‌ناو ئه‌و سه‌ركردایه‌تی حیزبانه‌ی كهباسمانكردن نوخبه هه‌یه، بۆ نمونه نووخبهیهكی ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به دڵ و به حه‌ز له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمدا بوون و پاڵپشتیان كردووه و نوخبه‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌بوون هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نییه‌تی خیانه‌ت و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌یان هه‌بووه و كه‌وایه پێویسته به‌م شێوه‌یه پۆلێنیان بكه‌ین و هه‌موویان نه‌خه‌ینه ناو بازنه‌یه‌كه‌وه.
هه‌ندێكی تریش كه دواتر بێده‌نگ بوون له به‌شداریكردن له ڕیفراندۆم وه‌ك یه‌كگرتوو، مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه ئه‌وان له بوحسی ئیراده‌ی سیاسی‌دا نین و ناتوانن ، چونكه یه‌كگرتوو به‌وه مه‌عروفه كه ناتوانێ سووربێت له‌سه‌ر ئه‌و شته‌ی كه ده‌یه‌وێت ، ئه‌مه‌ش خاڵی لاوازی هه‌موو ئیخوان موسلیمینهكانی جیهانه و نایانه‌وێ قوربانی بده‌ن به‌و شته‌ی خۆیان له پێشا گرتوویانه به ده‌ستیانه‌وه، ئه‌گه‌رنا یه‌كگرتوو ده‌بوایه زۆر سوور بوایه له‌سه‌ری و من پێم وایه ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو سوور بووایه ده‌نگی زۆر باشتری به‌ده‌ست ده‌هێنا له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ، به‌ڵام ئه‌و له ئه‌وه‌ڵدا زۆر تۆخه‌و دواتر پاشه‌كشه ده‌كات. ئێمه بینیشمان ئه‌وانه‌ی ڕیفراندۆمچی بوون ده‌نگی هه‌موو كوردستانیان قۆسته‌وه و ئه‌وانه‌ش كه دژی بوون هه‌موویان شكستیان هێنا. ئه‌وه‌ش باشترین وه‌ڵام بوو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی وا ئه‌زانن ریفراندۆم شكستی هێناوه ، له ڕاستیدا ڕیفراندۆم شكستی نه‌هێناوه، به‌ڵكو خیانه‌ت شكستی هێنا و خیانه‌تكاران له دواییدا شكستیان هێنا.
كاوێس مه‌لا په‌روێز: بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو كوردی باشوری كوردستانیش بكه‌ینه قوربانی هێشتا كه‌مه.
كاوێز مه‌لا په‌روێز
كاوێس مه‌لا په‌روێز نوسه‌ر و چاودێری سیاسی له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم گوتی: خۆی ده‌بوایه عێراق خۆی ڕاپرسی بكردایه‌و چونكه عێراق قه‌رزاری ڕاپرسییه‌كه له كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كانی دیكه تا خه‌ڵكی خۆیان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێمه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكدا ده‌ژین كه باوه‌ڕی به بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ نییه و قبوڵی ئه‌وه‌ی نیه گه‌لێك داوای مافه ڕه‌واكانی خۆی بكات، ئه‌و دۆخه نه‌خوازراوه‌ی كه له عێراق هاته ئاراوه وای له قیاده‌ی كوردستان كرد كه كه ڕێچاره‌یه‌ك بۆ ده‌ربازبوون لێی بگرنه به‌ر كه ئه‌ویش ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بوو. وه‌كو مه‌بده‌ئیش ڕیفراندۆم حه‌قێكی مه‌شروعه بۆ هه‌موو ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت ئازاد بن و به شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه داوای كیان و ده‌وڵه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌داخه‌وه بینیمان كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كانی دیكه باجێكی زۆر قورس و گرانیان دا كه شایه‌نی نه‌بوون، كه ئه‌مه‌ش دژی جارنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و پره‌نسیپه‌كانی بوو
بۆیه پێویسته ئێمه وه‌ك میلله‌تی كورد جارێكی تر ڕۆڵمان نه‌بێت له بونیادنهنهوهی میلله‌تێك كه ده‌ستی دار ده‌گرێت و ئه‌و داره‌ش به‌سه‌ر میلله‌تی كورد دا تاقی ده‌كاته‌وه، پێشم وایه بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو كوردی باشوری كوردستانیش بكه‌ینه قوربانی هێشتا كه‌مه.
د.نه‌ژده‌ت ئاكره‌یی: ریفراندۆم وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی مه‌شروعی یاساییه له هه‌رێمی كوردستان دژ به زوڵمی مێژوویی، جوگرافی، سیاسی
د.نه‌ژده‌ت ئاكره‌یی
د.نه‌ژده‌ت ئاكره‌یی له وتارێكیدا له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له ڕووی سیاسییه‌وه كه له گۆڤاری گوڵان بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ڵێت: ریفراندۆم به‌یه‌كێك له میكانیزمه یاسایی و سیاسییه‌كان ئه‌ژمار ده‌كرێت و جۆره‌كانی زۆرن، بۆ نموونه ریفراندۆمی ده‌ستووری له‌سه‌ر پرۆژه‌ی دانانی ده‌ستوور و په‌سه‌ندكردنی یاخود هه‌مواركردنی، هه‌روه‌ها ریفراندۆمی یاسایی به‌مه‌به‌ستی به‌شداری هاووڵاتییان له دانان و ده‌رچوونی یاساكان، به‌ڵام گرنگترین شێوازی ریفراندۆم، ریفراندۆمی سیاسییه، كه بریتییه له رێگادانان بۆ وه‌رگرتنی ڕای گه‌ل له بڕیارێكی سیاسی تایبه‌ت وه‌ك ریفراندۆمی چاره‌ی خۆنووسین، ریفراندۆمی ده‌ستنیشان كردنی شێوازی فه‌رمانڕه‌وایی سیاسی، ریفراندۆمی به‌ئه‌ندامبوون له رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی یاخود هه‌رێمی یاخود په‌یماننامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی، ریفراندۆمی په‌یوه‌ست به یاساییه داراییه‌كان.ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه ئاماژه پێكراو به‌بنه‌ما سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی یاسایی هه‌ژمار ده‌كرێن له مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم.
ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ره‌تاوه ده‌بێت ئاماژه به‌و خاڵه گرنگه بده‌ین، كه له‌دووه‌م بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌دوای گۆڕانكارییه‌كانی زه‌مینله‌رزه سیاسییه‌كه‌ی 9/4/2003 هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی نیشتمانی به‌شداری كرد له‌م ئه‌زموونه، له‌به‌ر رۆشنایی پێشه‌كی ده‌ستووری 2005 و مادده‌كانی (1 و 117 – یه‌كه‌م و 131 و 120) له هه‌مان ده‌ستوردا، هه‌روه‌ها مادده‌ی/ 56 له یاسای په‌رله‌مانی كوردستان ژماره (2)ی ساڵی 1992، و مادده‌ی /2 له یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ژماره (1)ی ساڵی 2005ی هه‌موار كرا‌و، و مادده‌ی / 2 له یاسای ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ریفراندۆم ژماره (4)ی ساڵی 2014، هه‌موو ئه‌م ماددانه‌ی سه‌ره‌وه كه ئاماژه‌پێكراو به‌بنچینه‌ی یاسای مه‌شروعیه‌تی ده‌ستنیشانكردنی رۆژی ریفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت، جگه له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه، سه‌باره‌ت به په‌رله‌مان وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌شریعی هه‌ڵبژێردراو له نێو گه‌ل دا، گه‌ل له هه‌مان كاتدا چۆن مافی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی خۆی هه‌یه، له هه‌مان كاتدا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدات له مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی زیندووی په‌یوه‌ست به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك ریفراندۆم.
پرسیار له ره‌هه‌نده (نێوخۆیی، عێراق، هه‌رێمی، نێوده‌وڵه‌تی) ده‌كرێت له‌م مه‌سه‌له‌یه، له راستیدا ئه‌مه له‌سه‌ر ئه‌كتیڤی جانتای دیپلۆماسی كوردستان راده‌وه‌ستێت پاڵپشت به فاكته‌ره‌كانی ئابووری و به‌رگری و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌یان به سیاسه‌تێكی واقیعی و عه‌قڵانی و به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی (ته‌یموری رۆژهه‌ڵات، باشووری سودان، كۆسۆڤۆ، بیابانی رۆژئاوا، قوبرس، به‌شێك له‌ناوچه‌كانی یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو، چیكوسلوڤاكیا.. هتد)، له ئێستاوه ده‌بێت كار بكرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گروپێكی پسپۆری خاوه‌ن ئه‌زموون (سیاسی، ئابووری، یاسایی) نیشتمانی، به‌به‌شداری هه‌ندێك له پسپۆرانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه و خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو سیناریۆو ئه‌گه‌ره‌كان بكرێت به‌به‌رنامه‌و پرۆژه‌یه‌كی زیندووی ستراتیژی و دوارۆژی هه‌ژمار ده‌كرێت، هه‌رێمی كوردستانی ئه‌مڕۆ جیایه له كوردستانی نیو سه‌ده‌ی پێش ئێستا، كوردستانی ئه‌مڕۆ گۆڕه‌پانی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و سه‌ربازی و سیاسی ستراتیژییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه، كوردستان پێگه‌یه‌كی جیۆپۆلیتیك و جیۆستراتیژو جیۆئابووری گرنگی هه‌یه، له‌هاوكێشه‌كانی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، لاپه‌ڕه‌كانی به‌هێزی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، دامه‌زراوه‌كان تا راده‌یه‌ك ئه‌زموونیان هه‌یه، و جۆره سه‌لماندنێك هه‌یه له سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌بردن نه‌ك له‌باری سروشتی به‌ڵكو له‌كاتی قه‌یرانه ئابووری و سه‌ربازی و سیاسییه‌كانیش.
له راستیدا هه‌ڵه‌یه بڵێین ریفراندۆم ته‌نها مه‌سه‌له‌یه‌كی نێوخۆیی عێراقییه‌و په‌یوه‌سته به یه‌كپارچه‌یی عێراقه‌وه، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی گه‌لێكه ئه‌گه‌ر ددان نه‌نرێت به‌مافه‌كانی ئه‌وا ئاشتی و ئاسایش له ناوچه‌كه‌و نێوده‌وڵه‌تی تووشی مه‌ترسی و ترسناكی ده‌بێت، گه‌لێكه تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌دژی به‌كارهێنراوه وه‌كو تاوانه‌كانی: جینۆساید، تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی، جه‌نگ، بۆیه مافی خۆیه‌تی داوای قه‌ره‌بوو نه‌ك ته‌نها له‌عێراق به‌ڵكو له كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و نێوده‌وڵه‌تیش بكاته‌وه به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، چونكه ئه‌مانه به‌رپرسیارن به شێوازی جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر ئه‌م میلله‌ته هه‌ر له بێده‌نگی خۆیان له‌كاتی خۆی تا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مڕۆ، بۆیه بڕیاری ریفراندۆم وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی مه‌شروعی یاساییه له هه‌رێمی كوردستان دژ به زوڵمی مێژوویی، جوگرافی، سیاسی .
- Log in to post comments