وەزاره‌تی دارایی رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی موچەی 13 هەزار كەمئەندام ده‌ربڕى

پاره‌كه‌ ده‌كاته‌ یەک ملیار و 704 ملیۆن و 300 هەزار دینار

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕی بە خەرجكردنی موچەی 13 هەزار هاولاتى كەمئەندام، ئەمەش دوای ئەوە دێت كه‌ جارێكی دیكە پشكنینیان لەلایەن لێژنەکانی پزیشکی بۆ ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، وەزیری دارایی ڕەزامەندی دەبڕیوە، لەسەر خەرجکردنی یەک ملیار و 704 ملیۆن و 300 هەزار دینار بۆ ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانەی دووبارە لە لێژنەکانی پزیشکی تێهەڵچونەوە پشکێنراون و رێژەی یاسایی خاوەن پێداویستی تایبەتیان پێدراوە كە ژمارەیان 13 هەزار كەسە.

ئاماژە بەوەشكراوە كە ئەم موچەیە بۆ مانگی کانونی یەکەمی 2018ـەیە بەپێی لیستی هاوپێچ بۆ پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) و ئیدارەی گەرمیان بەمەرجێک پەسەندی وەزارەتی داراییان هەبووبێت و لە پشکنینی نوێ و پزیشکی دەرچووبن بۆ ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانەی كە گومانیان لێدەكرێت، پارەکەش هەریەک لەسەر بودجەی بەرێوەبەرایەتی خۆی خەرج دەکرێت.