ئوسامە نوجێفی بەرەی رزگاركردن و گەشەپێدانی راگەیاند

بە ئامانجی خۆرێكسختنەوەی سوننەكان

بە ئامانجی خۆرێكسختنەوەی سوننەكان سەرۆكی هاوپەیمانی "قرار" لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئوسامە نوجێفی بەرێكی نوێی بەناوی "بەرەی رزگاركردن و گەشەپێدان"ی راگەیاند.

نووسینگەی ئوسامە نوجێفی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژەی بەوە كردووە، ئوسامە نوجێفی لە كۆبوونەوەیەكدا كە ژمارەیەك سیاسەتمەدار، سەرۆكهۆزەكان، بازرگانان، گەنجان و رۆشنبیرانی پارێزگای نەینەوا تیادا ئامادەبوون رایگەیاند كە لە چوارچێوەی راگەیاندنی "بەرەی رزگاركردن و گەشەپێدان" لەگەڵ لایەنە سوننەكانی دیكەی پارێزگاكانی عێراق بە دێكی تەواوی سیاسی یەك دەگرن و هەوڵی رێكخستنەوە و ئەنجامدانی چاكسازی دەدەن.

سەبارەت بە پەیڕەوی ناوخۆی و پێكهاتەی "بەرەی رزگاركردن و گەشەپێدان" ئوسامە نوجێفی ئاماژەی بەوە كرد كە بەرەی رزگاركردن و گەشەپێدان" لە سێ دەستەی سەرۆكایەتی پێكهاتووە كە ئەوانیش ، دەستەی جێبەجێكار، دەستەی سیاسی و دەستەكانی پارێزگاكان، نووسینگەكان و لیژنەكان كە ژمارەیەك پارت و كەسایەتی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت.

هەر لەو بارەیەوە ئوسامە نوجێفی جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە ئامانجی بەرە نوێیەكەیان، ئەوەیە واقعی ئێستای پارێزگا سوننەنشینەكان بگۆڕن، چونكە وەك خۆی گوتی: "رەوشی ئێستای پارێزگا سوننەنشینەكان بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ مێژوو و شارستانییەتی وڵاتێكی وەك عێراق ناگونجێت و پێویستە گەشەیان پێ بدرێت".

هەر لەو بارەیەوە ئوسامە نوجێفی گوتوویەتی: "پێویستە کۆمەڵگا رزگار بكەین و بەرەو خواستی راستەقینەی ببەین و رەوشی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا بۆ باشکردن بگۆڕێن، بەدەر لەوەش پێویستە گفتوگۆی جددی و راستەقینە هەبێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق".