شه‌رقولئه‌وسه‌ت: سیاسیه‌كانی عێراق پاره‌كانیان بۆ ئێران ده‌گوازنه‌وه‌

به‌شی زۆری سیاسی و به‌رپرسانی عێراق كه‌ نزیكن له‌ ئێرانه‌وه‌


دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر چوار كه‌سایه‌تی عێراق سه‌پاند، سیاسییه‌كانی عێراق خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ی پاره‌ن بۆ ئێران.

سیاسییه‌كانی عێراق خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ی پاره‌ و سامانه‌كانیان له‌ ناوچه‌ جیا جیاكانی عێراقه‌وه‌ بۆ ئێران، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر چوار كه‌سایه‌تی عێراق سه‌پاند و زانیارییه‌كانیش دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ده‌یان به‌رپرس و سیاسی تری عێراقیش له‌ داهاتوویه‌كی نزیك ده‌خرێنه‌ لیستی ڕه‌شی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌وسه‌تی ڕاگه‌یاند، كه‌ دوای سه‌پاندنی سزا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و دواتریش بانكی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و چواركه‌سه‌ی له‌ عێراق ناویان ده‌هێنرێت، به‌شی زۆری سیاسی و به‌رپرسانی عێراق كه‌ نزیكن له‌ ئێرانه‌وه‌ ترسی زۆریان لێ نیشتووه‌ و ده‌ستیان به‌ ده‌رهێنانی پاره‌كانیان له‌ بانكه‌كانی عێراق كرردووه‌ و ده‌یانه‌وێ پاره‌ و سامانه‌كانیان له‌ بلۆككردن بپارێزن و بۆ ئێران بیگوازنه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌وسه‌ت كه‌وتووه‌، هه‌نگاوه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا به‌ بلۆككردنی پاره‌ و سزادانی ئه‌و چوار كه‌سه‌ كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵكوو درێژه‌ و به‌رده‌وامی ده‌بێ و زیاتر له‌ حه‌فتاو شه‌ش به‌رپرس و كه‌سایه‌تی تری عێراق ده‌خرێنه‌ لیستی ڕه‌شی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه‌.