شه‌وێكی جاویدانیی

سبه‌ی ده‌گه‌یته‌، ئاسۆی به‌رینت

 شه‌وێكی  جاویدانیی

خه‌یاڵێكی شین، له‌ ژووره‌كه‌مدا

باڵی لێك ده‌دا و، به‌ چرپه‌ ده‌ڵێ

خۆزگه‌ ده‌بوومه‌، خۆزگه‌ی ئه‌وینت

ھه‌ورێكی سپی، ھاتۆته‌ ژوورێ

ده‌ڵێ نامه‌وێ، لێره‌ ببارێم

ھاتووم ده‌مه‌وێ، ببمه‌ سه‌رینت

ژێیه‌كی بێ ده‌نگ، له‌ قوژبنێكا

خۆی گرێ ده‌دا، له‌ تاری خه‌مم

ده‌ڵێ بۆ نه‌بمه‌، ده‌نگی ئه‌سرینت ؟!

گه‌ڵایه‌كی سه‌وز، با ھێناویه‌تی

به‌ ژووره‌كه‌مدا، ده‌فڕێ و پێم ده‌ڵێ

ده‌ته‌وێ ببمه‌، سه‌مای وه‌رینت ؟!

ده‌نكێ ترێی ره‌ش، به‌سه‌ر لێومه‌وه‌

تنۆكی ده‌تكێ و، ده‌ڵێ لێمگه‌ڕێ

تا ده‌بمه‌ باده‌ی، تاڵی شیرینت

وشه‌ی "خۆشمه‌وێیت"، رووت رووت بۆته‌وه‌

تامه‌زرۆی ماچه‌ و، مه‌ستانه‌ ده‌ڵێ

ده‌بم به‌ ھاوڕێی، خه‌ونی ره‌نگینت

شه‌وێكی ئارام، كز و مات و كپ

له‌ باوه‌شمایه‌، ده‌ڵێ چاو لێكنێ

سبه‌ی ده‌گه‌یته‌، ئاسۆی به‌رینت

ن/ئازا حه‌سیب قه‌رداخی

١٧/ ٧/ ٢٠١٩

كوردستان تیڤی/ كامران