هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا نازناوی جامی جیهانی تۆپی پێی 2019ی ئافره‌تانى به‌ده‌ستهێنا

له‌ یاریی كۆتایی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا به‌ دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له‌ هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندای برده‌وه‌

له‌ یاریی كۆتایی جامی جیهانیی 2019ی تۆپی پێی ئافره‌تاندا هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا به‌ دوو گۆڵی بێ به‌رانبه‌ر له‌ هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندای برده‌وه‌ و نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا.

جامه‌كه‌ كه‌ هه‌شته‌مین جاره‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌ فه‌ڕه‌نسا ئه‌نجامدرا، تێیدا هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌مریكا و هۆڵه‌ندا ململانێی نازناوه‌كه‌یان كرد.

نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات و له‌ نیوه‌ی دووه‌م و خوله‌كی 61ه‌مدا هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی مێگان ئانا راپینۆیه‌وه‌ گۆڵی یه‌كه‌م و له‌ خوله‌كی 69یه‌مدا له‌ڕێگه‌ی رۆس لاڤێله‌وه‌ گۆڵی دووه‌می تۆماركرد و به‌و ئه‌نجامه‌ یارییه‌كه‌ كۆتاییهات.

به‌م جۆره‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریکا دوای ساڵانی 1991، 1999 و 2015، بۆ جاری چواره‌م نازناوی جامی جیهانیی تۆپی پێی ژنانی به‌ده‌ستهێنا.

به‌درێژایی جامه‌كه‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا توانیی حه‌وت یاری بباته‌وه‌ و26 گۆڵ تۆمار بكات و ته‌نها سێ گۆڵی لێكراوه‌.