ئه‌وه‌ی له‌بیرم ماوه‌

له‌ خه‌رابه‌یه‌كی گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل

ئه‌وه‌ی له‌بیرم ماوه‌

 ن/ ئیسماعیل به‌رزنجی
ئه‌م چه‌ند دڵۆپه‌ شه‌ونمه‌
یاده‌وه‌ری زه‌مه‌نی جوانی یه‌
ئه‌و خۆره‌ ماندووه‌ی
تاقی ئاسمانێ
ئه‌ویش ئاسه‌واری جوانی ی زه‌مه‌نه‌
من
تازه‌ به‌و قوڕگه‌ شه‌قار شه‌قاره‌م
به‌و جه‌سته‌ سارد و سڕه‌م
له‌ چه‌رخی ناشیرینی و ئاشووب دا
چ له‌ زه‌مه‌نی جوانی و
جوانی ی زه‌مه‌ن بكه‌م
******
له‌و زه‌وییه‌ پان و به‌رینه‌دا
رووبارێك هه‌بوو
به‌ گوندێكی لا چه‌پ دا ره‌ت ده‌بووو
ده‌ڕژایه‌ شارێكی دووره‌وه‌
له‌وێ
سڵاوی له‌ ژنێكی رۆخاوه‌كه‌ ده‌كرد
كه‌ ناوی (ته‌نیا) بوو
******
له‌قه‌د پاڵی چیایه‌كی عاسێ دا
دارێك هه‌بوو
كاتی گه‌ڵاڕێزان
به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌گریاین
ئه‌و
بۆ بێكه‌سی خۆی و
منیش بۆ خه‌می كه‌سوكار
******
له‌ بن سوانده‌ی كۆنه‌ ماڵه‌كه‌مان
كێشكه‌یه‌ك هه‌بوو
كه‌ دایكم
كه‌زی شانه‌ ده‌كرد
ئه‌و
ده‌ندووكی له‌ نه‌ینۆكه‌كه‌ ده‌دا
******
له‌وسه‌ری گه‌ڕكه‌كه‌مان
ماڵه‌ قه‌ره‌جێك هه‌ڵیان دابوو
كیژه‌ جوانه‌كه‌یان
له‌ من گه‌وره‌تر و ناوی (ڤیدان) بوو
كه‌ ده‌یبینم
كاكۆڵی ده‌گرتم و ده‌یگوت:
بریا له‌ عومری من بای!
******
له‌ حه‌وشی پشته‌وه‌ی
ماڵی جاهید
بوتڵێكی سه‌ر مۆر هه‌بوو
لێ ی نوسرابوو ( خۆشاوی شیعر)
******
له‌ ناو قه‌ڵای خانزاد
خه‌ناوكه‌یه‌كی مێخه‌ك هه‌بوو
ده‌یانگوت:
به‌ فرمێسكه‌كانی عاشقێك هۆنراوه‌ته‌وه‌
******
له‌ خه‌رابه‌یه‌كی گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل
فلچه‌یه‌كی ڕه‌نگا و ڕه‌نگ كه‌وتبووه‌ ناو گۆزه‌یه‌ك
له‌سه‌ری نووسرابوو (دانیاڵ قه‌ساب)
له‌ بن شه‌تڵه‌ ڕێواسێكی شلكی
بناری شاخێكی ماردین
كلدانێك شاردرابۆوه‌
گوتیان هی (ئایشه‌شان) ه‌

كوردستان تیڤی/ كامران