دانیشتنی داخراوی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی سوودان

له‌باره‌ی رووداوه‌ توندوتیژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سوودان


ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، به‌هۆی ئه‌و گرژییه‌ی پاش ده‌ستوه‌ردانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سوودان له‌و خۆپیشاندانه‌ی له‌ به‌رده‌م باره‌گای سووپا له‌ خه‌رتومی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ده‌چوو، كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی رێكخست.

له‌سه‌ر بانگه‌وازی بریتانیا و ئه‌ڵمانیا، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داخراودا له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی گفتوگۆكرا له‌باره‌ی رووداوه‌ توندوتیژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سوودان.

دوای دانیشتنه‌كه‌، نوێنه‌رانی هه‌میشه‌یی هه‌ریه‌ك له‌ فه‌ڕه‌نسا، بریتانیا، ئه‌ڵمانیا، به‌لجیكا، هۆڵه‌ندا، پۆڵه‌ندا، سوید و ئیتاڵیا، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان سازكرد.

- رووداوه‌كانی سوودان

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سوودان، به‌یانی رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌، ده‌ستوه‌ردانیان كرد له‌و خۆپیشاندانه‌ی له‌به‌رده‌م باره‌گای سوپا له‌ خه‌رتومی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ده‌چوو. هێزه‌ ئه‌منییه‌كان فیشه‌كی راسته‌قینه‌ و غازی فرمێسكڕێژیان دژ به‌ خۆپیشانده‌ران به‌كارهێنا و بڵاوه‌یانپێكردن. به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌و ده‌ستوه‌ردانه‌دا لانیكه‌م ٤٠ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ١٩ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٨دا به‌هۆی قه‌یرانی ئابوورییه‌وه‌ خۆپیشاندان له‌ سوودان سه‌ریهه‌ڵدا و، به‌خێرایی گۆڕا بۆ خۆپیشاندان دژ به‌ رژێم، سوپا له‌ ١١ی نیساندا ده‌ستی به‌سه‌ر حكوومه‌تدا گرت، به‌مه‌یش كۆتایی به‌ حكومڕانی ٣٠ ساڵه‌ی عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر هات.

پاش ئه‌وه‌ی سوپا ده‌ستی به‌سه‌ر حكوومه‌تدا گرت، خۆپیشانده‌ران ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت راده‌ستی حكوومه‌تی مه‌ده‌نی بكرێت. هاوكات دانوستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ربازیی ده‌كرا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ی حكوومه‌تی راگوزه‌ر چۆن بێت.