درامای كوردی و چه‌ند سه‌رنجێكی گشتی

كێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی درامای كوردی لاوازی دیالۆگه‌كانه‌

 ن/ ئارام كۆشكی

به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ده‌بێت پرسیار له‌ بوونی درامای كوردی بكه‌ین، ئایا ئێمه‌ شتێكمان هه‌یه‌ به‌ناوی درامای كوردی؟ ئه‌و فیلمه‌ درێژانه‌ی به‌ناوی دراماوه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، ئایا تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی درامایان له‌ خۆیاندا هه‌ڵگرتووه‌؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ به‌ڵێیه‌ چۆن و ئه‌گه‌ر نه‌خێریشه‌ به‌هه‌مان شێوه‌؟

ڕه‌نگه‌ سه‌خت بێت بوونی درامای كوردی ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ بوونێكی لاواز و نواندنێكی ئاستنزم و چیرۆكێكی دووباره‌شه‌وه‌ بێت، ئه‌وا شتێك هه‌یه‌ وه‌كو دراما پیشانی بینه‌ر ده‌درێت. به‌ڵام قسه‌ له‌سه‌ر ئاست و پێگه‌ی ئه‌م به‌ناو درامایانه‌یه‌، كه‌ پێموایه‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ی جیدی و ڕه‌خنه‌ی جیدییان لێبگیرێت، تا بناغه‌یه‌ك دابنێین بۆ هه‌نگاوه‌كانی ئایینده‌، چونكه‌ به‌بێ بوونی ڕه‌خنه‌ و قسه‌له‌سه‌ركردن ناتوانرێت پێگه‌كه‌ی دیاری بكرێت و هه‌تا پێگه‌ی درامای كوردیش دیاری نه‌كرێت ناتوانرێت هه‌نگاوی نوێتر و جیدی بنرێت.

هه‌موو ئه‌و درامایانه‌ی لانیكه‌م له‌م ده‌ ساڵه‌دا وه‌كو درامای كوردی په‌خش كراون له‌ كه‌موكوڕی به‌ده‌ر نه‌بوون، (به‌و پێیه‌ی خۆم بینه‌ری زۆربه‌یان بووم و لێره‌دا وه‌كو بینه‌رێك و هاوكات ڕۆژنامه‌نووسێكی كولتووری قسه‌ ده‌كه‌م)، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌م كه‌موكوڕییانه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و هیچ ده‌رهێنه‌رێكی نوێ نه‌هاتووه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییانه‌ تێپه‌ڕێنێت و دووباره‌ و ده‌باره‌یان نه‌كاته‌وه‌، هه‌ر خودی دووباره‌كردنه‌وه‌ و به‌رده‌وامی ئه‌م هه‌ڵانه‌یه‌ كه‌ هیچ درامایه‌كی كوردی نه‌یتوانوه‌ سنووری لۆكاڵی هه‌رێمی كوردستان ببڕێت و وه‌كو درامای ععه‌ره‌بی و فارسی و توركی له‌ وڵاتانی دیكه‌ په‌خش بكرێن. ڕه‌نگه‌ ئێستا خوێنه‌ر بپرسێت هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌كان چیین؟ بێگومان ئه‌م پرسیاره‌ له‌ جێی خۆیدایه‌ و من به‌ چه‌ند خاڵێك، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌ده‌مه‌وه‌.

یه‌كه‌م: یه‌كه‌م خاڵی لاوازی زۆربه‌ی دراماكان، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌مووی نه‌بوونی چیرۆكێكی سه‌رنجڕاكێش و سه‌رسامكه‌ره‌. زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری دراما كوردییه‌كان خاڵین له‌ هه‌ر چیرۆكێك كه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌ بینه‌ر به‌دوای چیرۆكه‌كه‌ بكه‌وێت. نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری ئه‌م درامایانه‌ ناتوانن گرێ دروست بكه‌ن و بینه‌ر په‌یوه‌ست بكه‌ن به‌و چیرۆكی دراماكه‌ هه‌ڵگرییه‌تی.

دووه‌م: خاڵێكی دیكه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ وردی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین "ئاستی نواندن"ـه‌. بێگومان له‌م ئاسته‌دا هیچ درامایه‌كی كوردی نییه‌ كۆڵه‌وار نه‌بێت و ئاستی نواندنی ئه‌كته‌ره‌كان هێنده‌ خراپه‌، كه‌ نه‌ك مایه‌ی پێكه‌نین نییه‌، به‌ڵكو شایسته‌ی به‌زه‌ییه‌. بێگومان ده‌شێت هه‌ندێك له‌ هۆكاری ئه‌مه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خودی ئه‌كته‌ره‌كان كه‌ وه‌كو ڕۆبۆت له‌به‌رده‌م كامێرادا دێن و ده‌چن و ناتوانن "په‌یوه‌ندی" له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆڵه‌دا دروست بكه‌ن، كه‌ وه‌ریده‌گرن. به‌ڵام به‌شی هه‌ره‌ زۆری هۆكاری لاوازی نواندن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌رهێنه‌ر، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌رهێنه‌ره‌ ناتوانێت په‌یوه‌ندی ئه‌كته‌ر له‌گه‌ڵ تێكسته‌كه‌دا و رۆڵه‌كه‌یدا دروست بكات و ته‌واوی كاراكته‌ره‌كه‌ی بۆ ڕوون بكاته‌وه‌ تا "ئه‌كته‌ره‌كه‌" بتوانێت ئه‌و رۆڵه‌ به‌ ورده‌كاریی ته‌واوه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات. بۆیه‌ زیاده‌ڕه‌وی نییه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین له‌ پشت هه‌ر ئه‌كته‌رێكی فاشیله‌وه‌ ده‌رهێنه‌رێكی فاشیل هه‌یه‌.

سێیه‌م: لاوازی دیالۆگ: بێگومان كێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی درامای كوردی لاوازی دیالۆگه‌كانه‌، كه‌ زۆرجار دیالۆگی هێنده‌ بێمانای تێدایه‌ كه‌ من وه‌كو بینه‌ر شه‌رمم كردووه‌ كه‌ گوێم له‌و دیالۆگانه‌ بووه‌. بێگومان ئه‌م په‌یوه‌ندی به‌ دوو خاڵه‌وه‌ هه‌یه‌ یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر و سیناریست ناتوانێ به‌شێك له‌م دیالۆگانه‌ به‌ وێنه‌ بۆ بینه‌ر بگوازێته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنجی درامای توركی و فارسی و عه‌ره‌بی بده‌ین، زۆر دیالۆگ به‌ وێنه‌ و پیشاندانی جوڵه‌ی ئه‌كته‌ر پیشان ده‌ده‌ن و په‌یامه‌كه‌ له‌ بینه‌ر ده‌گه‌یه‌نن. خاڵی دووه‌م بێمه‌عریفه‌یی و نزمی ئاستی رۆشنبیریی ده‌رهێنه‌ره‌كانه‌ (ڕێزی زۆرم بۆ به‌شێكیان)، كه‌ ئاگاداری نه‌ك دونیای رۆمان و چیرۆك نین، به‌ڵكو ئاگادار و بینه‌ری فیلم و دراما گرنگه‌كانی جیهانیش نین، بێگومان ئه‌م قسه‌یه‌ له‌ خۆوه‌ ناكه‌م و ئه‌مه‌م به‌ واقیعی بینیوه‌. گفتوگۆم له‌گه‌ڵ چه‌ندین ده‌رهێنه‌ر كردووه‌، زۆرجار من وه‌كو بینه‌ر ئاگاداری هه‌ندێك فیلم و دراما بووم كه‌ ئه‌و هه‌ر ناویشی نه‌بیستووه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ خۆ ئه‌گه‌ر ئاگاداریش بن، ئه‌دی بۆچی له‌ كاره‌كانیاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ نییه‌. بۆچی تا هه‌نووكه‌ له‌ درامایه‌كی كوردیدا به‌ر دیالۆگێكی قووڵ و سه‌رسامكه‌ر و جیاواز نه‌كه‌وتووین، له‌ كاتێكدا درامای دیكه‌ هه‌یه‌ له‌ وڵاتانی دراوسێمان هه‌ر دیالۆگێكی حیكمه‌تێكه‌ بۆ ژیانمان.

چواره‌م: لاوازی وێنه‌گرتن و هه‌ڵبژاردنی لۆكه‌یشن؛ بێگومان من زانیارییه‌كی ئه‌كادیمیم له‌سه‌ر ئه‌مه‌ نییه‌، به‌ڵام به‌ سه‌رنجدان و وردبوونه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی زاوییه‌كان بۆ كامێرا و زۆرجار درێژی یه‌ك دیمه‌ن و هاوكات نه‌گونجاوی لۆكه‌یشن هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر تووشی مه‌له‌ل بكه‌ن و زوو له‌ دراماكه‌ی بتۆرێنن. یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی درامای كوردی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌رزییه‌، واته‌ ساڵانه‌ ته‌نها بۆ كاتێكی دیاریكراو به‌رهه‌م ده‌هێنرێت كه‌ "مانگی ڕه‌مه‌زانه‌"، كه‌ ئه‌مه‌ وا ده‌كات په‌له‌په‌ل به‌ كاره‌كانه‌وه‌ دیار بێت و زۆركاتیش به‌رهه‌می كرچوكاڵ ببینرێت. بێگومان ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌رێك كارێكی جوان و گرنگ بكات هه‌موو كاتێك كاتی نمایشكردنیه‌تی و خۆی په‌یوه‌ست ناكات به‌ كاتێكی دیاریكراوه‌وه‌. كاری هونه‌ری كاری هه‌مووكات و سه‌رده‌مێكه‌ و په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ زه‌مه‌نێكی دیاریكراوه‌وه‌، بۆیه‌ زۆرجار هه‌ستم به‌وه‌ كردووه‌ ئه‌و په‌یوه‌ستییه‌ به‌ مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ بۆته‌ هۆی زیان بۆ درامای كوردی.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی لۆكه‌یشن، زۆرجار له‌ درامای كوردیدا هه‌ڵه‌ی زه‌ق و ناباو ده‌بینرێت. بۆ نموونه‌ چیرۆكی درامایه‌ك باسی ساڵانی هه‌شتاكان بكات و لۆكه‌یشتنی شه‌قام و گه‌ڕه‌كه‌كان و دیزاینی خانووه‌كان هی 20-25 ساڵ دواتر بێت، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ درامادا هه‌ڵه‌ی بچووك نییه‌، چونكه‌ دراما نووسینه‌وه‌ی مێژووه‌ به‌ڵام به‌ وێنه‌، بۆیه‌ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ لۆكه‌یشتندا وه‌كو هه‌ڵه‌ی مێژووی ته‌فسیر ده‌كرێت.

پێنجه‌م: كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی درامای كوردی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موخاته‌به‌ی عه‌قڵی گشتی (عامه‌)ی بینه‌ری كوردی ده‌كات و له‌ ئاستی ئه‌و بینه‌ره‌دا به‌رهه‌م هاتووه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی هه‌موو كارێكی هونه‌رییه‌. كاری هونه‌ری ده‌بێت له‌ ئاستێكی باڵاتردا بیت له‌ بینه‌ری "عامه‌" گشتی، چونكه‌ ئه‌ركی كاری هونه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاستی بینه‌ر به‌رێته‌ سه‌ره‌وه‌ نه‌ك خۆی بێته‌ ئاستی بینه‌ره‌كه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ چه‌ند درامایه‌كی كوردی بده‌ین به‌ ڕوونی هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ چ ئاستێكی نزمدایه‌. ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه‌. چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژ به‌رهه‌مێكی هونه‌ری بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌ نزیكه‌ی ده‌ تراك پێكهاتبوو، به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی پێشوازی لێ نه‌كرا. له‌ كاتێكدا ئاستی به‌رهه‌مه‌كه‌ی زۆر له‌ ئاستی به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی باشتر بوو و له‌ ڕووی دابه‌شكردن و موزیك و ئه‌دا و زۆر شتی دیكه‌وه‌. گۆرانیبێژه‌كه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ پاش ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ئیستا بیر له‌ به‌رهه‌مێهانی چه‌ند گۆرانییه‌كی نوێ ده‌كاته‌وه‌ به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك كار ده‌كات كه‌ به‌ دڵی گوێگره‌كانی بێت، هه‌ر خودی خۆی داوای له‌ گوێگره‌كانی ده‌كرد كه‌ دڵنیایی لێ وه‌ربگرن كه‌ به‌رهه‌می ئایینده‌ی به‌ ته‌واوی به‌دڵی ئه‌وانه‌.

بێگومان ئه‌وه‌ كاره‌ساته‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندێك ئاستی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی بهێنه‌ خواره‌وه‌ بۆ ئاستی گوێگر و بینه‌ره‌كانی. بۆیه‌ له‌ درامای كوردیشدا هه‌ست به‌و حاڵه‌ته‌ ده‌كرێت. ده‌رهێنه‌ره‌كان چیرۆكێك هه‌ڵده‌بژێرن كه‌ بینه‌ری كوردی بریندار نه‌كات و هه‌ڵێنجراوی واقیعی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ بێت. نه‌ك پله‌یه‌ك سه‌رتر له‌ بیركردنه‌وه‌ی تاكی كوردی و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. ئه‌ركی هونه‌ر و كاری درامی ئه‌وه‌ نییه‌ واقیع وه‌كو خۆی بخاته‌وه‌ به‌رچاومان. به‌ڵكو ده‌بێته‌ پله‌یه‌ك له‌ سه‌رووی بیر و هزری بینه‌ره‌وه‌ بێت و هۆشیاریی بڵاوبكاته‌وه‌. نه‌ك ئاستی هۆشیاری بهێنێته‌وه‌ خواره‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی دراما كوردییه‌كانی ئێستا ده‌یكه‌ن.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا خرایه‌ڕوو ته‌نها چه‌ند سه‌رنجێكی گشتییه‌ و هیچكام له‌ دراما كوردییه‌كان به‌ده‌ر نین له‌م هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییانه‌، به‌ڵام من نه‌مویست ناوی هیچكام له‌و درامایانه‌ بهێنم، چونكه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ گشتییه‌ و ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌و درامایانه‌ له‌مساڵدا په‌خش كران، یان هی ده‌رهێنه‌رێكی دیاریكراون.

كوردستان تیڤی/ كامران