تره‌مپ: رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێران به‌دوور مەزانن

پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هۆشداری دابووە ئێران


دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند ناكرێت رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا بە دوور بزانرێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 9ی‌ ئایار دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ناكرێت رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێران به‌دوور بزانین.
 
ئەم لێدوانەی ترەمپ هاوكاتە لەگەڵ گەیشتنی دوو فڕۆكەی سترایژی بی 52 بۆ كەنداو و بەڕێكەوتنی كەشتەییكی فڕۆكەهەڵگریش بۆ ناوچەكە، کە بەوتەی بەرپرسانی ئەمریکاش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە جدییانەیە كە ئێران لە ناوچەكەدا دروستی كردوون.
 
لێپرسراوانی ئەمریكا رایانگەیاند كە رەوانەكردنی ئەو فڕۆكە ستراتیژییەكان و كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە جدییانەیە كە ئێران لە ناوچەكەدا دروستی كردوون.
 
پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هۆشداری دابووە ئێران كە بەرپرسیار دەبێت لە هەر جۆرە هێرشێك كە بكرێتە سەر هێزەكانیان.
 
میدیای عێراقی و عەرەبییش بڵاویانكردبووە كە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی سەردانە كتوپڕەكەی چەند رۆژی رابردووی مایك پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای عێراق، تاووتوێكردنی پەرەسەندنی گرژییەكانی وڵاتەكەی بووە لەگەڵ ئێران.

پ: سامان زاهیر