ترامپ: ئیسڕائیل %100 مافی خۆیه‌تیی به‌رگریی له‌ هاووڵاتییانی بكات

ترامپ له‌ په‌یامه‌كه‌دا رووی وته‌ی كردووه‌ته‌ دانیشتووانی غه‌ززه‌

سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا له‌سه‌ر هه‌ژماری تویته‌ری خۆی هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌ تێكهه‌ڵچوونه‌كانی نێوان ئیسڕائیل و گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی غه‌ززه‌ پیشانداوه‌ و به‌رگریی له‌ ئیسڕائیل كردووه‌.

دۆناڵد ترامپ له‌سه‌ر تویته‌ری خۆی نووسیویه‌تیی: جارێكی دیكه‌ ئیسڕائیل به‌ هێرشی كوشنده‌ی موشه‌كیی له‌لایه‌ن گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی حه‌ماس و جیهادی ئیسلامییه‌وه‌ كراوه‌ته‌ ئامانج و ئێمه‌ش %100 پشتیوانیی ئیسڕائیل ده‌كه‌ین له‌ بابه‌تی به‌رگریی كردنی سوپای ئه‌م وڵاته‌ به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتییانی خۆی.

ترامپ له‌ په‌یامه‌كه‌دا رووی وته‌ی كردووه‌ته‌ دانیشتووانی غه‌ززه‌ و وتوویه‌تیی: ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییانه‌ هیچی بۆ ئێوه‌ به‌دواوه‌ نییه‌ جیا له‌وه‌ی كه‌ پاڵپشتیی زیاتر له‌ده‌ست بده‌ن. هه‌ر بۆیه‌ باشتره‌ كۆتایی به‌ توندوتیژییه‌كان بێنن و هاوكاربن بۆ گه‌یشتن به‌ ئاشتیی، چونكه‌ هێشتا ده‌رفه‌ت ماوه‌ تا به‌ده‌ستی بێنن.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی /  مه‌سعود

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا