له‌ به‌ریتانیا ده‌رهێنه‌رێكی كورد خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌ گرتنی وه‌رگرت

له‌ یازده‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی

فیلمی سینه‌مایی "گوڵ نسا" له‌ ده‌رهێنانی "ستار چه‌مه‌نی گوڵ" ده‌رهێنه‌ری كوردی ئێرانی، نیشانی ئه‌ڵماس و خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گریی له‌ یازده‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌ سه‌ربه‌خۆكانی بیرمه‌نگام له‌ وڵاتی بریتانیای برده‌وه‌.

فیلمی سینه‌مایی "گوڵ نسا" له‌ ده‌رهێنانی "ستار چه‌مه‌نی گوڵ" و فیلمنامه‌ی "ڤیدا ساڵحی" له‌ نوێ ترین به‌شداریی نێونه‌ته‌وه‌یی دا به‌ نوێنه‌رایه‌تی سینه‌مای ئێران 8ی گوڵانی 1398 له‌ به‌شی ڕكابه‌ریی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی یازده‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمه‌ سه‌ربه‌خۆكانی فێستیڤاڵی بیرمه‌نگام له‌ به‌ریتانیا نمایش كرا.

له‌ ئه‌نجامدا له‌ لایه‌ن لێژنه‌ی داوه‌ریی نیشانی ئه‌ڵماس Diamondی بیرمه‌نگام درایه‌ ڤیدا ساڵحی فیلمنامه‌نووس و ستار چه‌منی گوڵ ده‌رهێنه‌ری فیلمی گوڵ نسا.

هه‌روه‌ها محه‌مه‌د فه‌كووری وێنه‌گری لاوی ئێرانی ئه‌م فیلمه‌ خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گریی فێستیڤاڵه‌كه‌ی برده‌وه‌.

مه‌راسیمی كۆتایی فێستیڤاڵ 8ی گوڵان به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسان، كه‌سایه‌تی فه‌رهه‌نگی و سینه‌ماكارانی بریتانیا له‌ هۆڵی «كریسنت» Crescent Theatre به‌ڕێوه‌چوو و به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ ستافی به‌رهه‌مهێنه‌ری گوڵ نسا، خاتوون "شلێر باهیر" ده‌رهێنه‌ری دانیشتووی له‌نده‌ن و "به‌فرین ڕه‌شید" وێنه‌كێشی كوردی دانیشتووی له‌نده‌ن له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا ئاماده‌بوون و خه‌ڵاته‌كه‌یان له‌ لێژنه‌ی داوه‌ران وه‌رگرت.

پێشتریش گوڵ نسا له‌ به‌شی ڕكابه‌ریی "فیلمی سینه‌مایی"سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ده‌رهێنه‌رانی سه‌ربه‌خۆ" له‌ لیۆنی فه‌ڕه‌نسا نمایش كرا و له‌ چه‌ند به‌شدا بوو به‌ كاندیدی خه‌ڵات.

له‌ كۆتاییدا ستار چه‌مه‌نی گوڵ ده‌رهێنه‌ری "گوڵ نسا" خه‌ڵاتی په‌یكه‌ری زێڕینی شاری "برایانی لومیر"ی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی برده‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ دوایین به‌شداریی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی گوڵ نسادا، "ڤیدا ساڵحی" نووسه‌ری فیلمنامه‌ی ئه‌م فیلمه‌، خه‌ڵاتی باشترین فیلمنامه‌ی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی و "ستار چه‌مه‌نی گوڵ" خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ریی دووهه‌مین خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی سینه‌مایی "دارئه‌لسه‌لام" ناسراو به‌ ئۆسكاری ئه‌فریقاییان مسۆگه‌ر كرد.

"گوڵ نسا" هه‌روه‌ها له‌م دواییانه‌دا و له‌ یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌ نوێخوازانه‌كانی سویس (Innovation) دوو خه‌ڵاتی گرینگی مسۆگه‌ر كرد؛ یه‌كیان خه‌ڵاتی باشترین فیلم و ئه‌وی دیكه‌ش خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ژن.

ستار چه‌مه‌نی گوڵ" له‌دایكبووی 1357ی هه‌تاوی له‌ گه‌ڕه‌كی چوارباخی شاری سنه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1372 به‌ كاری شانۆیی هاتۆته‌ دونیای هونه‌ره‌وه‌ و وانه‌كانی  شانۆی به‌ باشی له‌ لای مامۆستایانی ئه‌م هونه‌ره‌ له‌ زێده‌كه‌ی له‌به‌ر كرد. ناوبراو له‌ ساڵی 1380ی هه‌تاوی له‌ گه‌ڵ خاتوو "ڤیدا ساڵحی" نووسه‌ری "گوڵ نسا" كه‌ هاوژینیه‌تی، به‌ شێوه‌یه‌كی پڕۆفشناڵ هاتۆته‌ دونیای سینه‌ماوه‌.

"ستار چه‌مه‌نی گوڵ" تا ئێستای له‌گه‌ڵ بێت 8 كورته‌ فیلم و 20 فیلمی دێكۆمێنتاری و 4 زنجیره‌ درامای ته‌له‌فزیۆنی به‌رهه‌م هێناوه‌. یه‌كه‌مین به‌رهه‌می درێژی سینه‌مایی "چه‌مه‌نی گوڵ" به‌ ناوی "گوڵ نسا" له‌ نووسینی سینارینووس خاتوو "ڤیدا ساڵحی" له‌ كۆتایی ساڵی 1396ی هه‌تاوی به‌رهه‌م هێنراوه‌. كاری نمایشی "گوڵ نسا" له‌ فێستیڤاڵه‌ جیهانییه‌كان له‌ ساڵی 1397 / 2018 ده‌ستی پێكردووه‌.

"چه‌مه‌نی گوڵ" له‌ زیاتر له‌ 50 فێستیڤاڵی جیهانی به‌شداریی و 25 خه‌ڵاتی مسۆگه‌ر كردووه‌.

"گوڵ نسا" وه‌كوو دیارترین به‌رهه‌می سینه‌مایی "چه‌مه‌نی گوڵ" به‌شداریی 25 فێستیڤاڵی جیهانی كردووه‌ و توانیویه‌تی 9 خه‌ڵات به‌ده‌ست بێنێت.

یه‌كه‌مین نمایشی جیهانیی "گوڵ نسا" له‌ 51هه‌مین خولی فێستیڤاڵی ڕێمی هیوستۆنی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2018ی زایینی بوو. له‌م فێستیڤاڵه‌ گرینگه‌دا خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان و باشترین ئه‌كته‌ری پیاو پێشكه‌ش به‌ "گوڵ نسا" كرا. هه‌روه‌ها له‌ فێستیڤاڵه‌كانی بروكلین و زه‌نگبار یان تانزانیا و ڕێد له‌ نۆروێژ خه‌ڵات كرا. له‌ سالێنتۆ له‌ ئیتاڵیا خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ژن به‌م فیلمه‌ درا. "گوڵ نسا" له‌ فێستیڤاڵی كازانی ڕووسیا خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان و باشترین وێنه‌گریی بردۆته‌وه‌.

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌ له‌ فێستیڤاڵی فیلمی به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ی توندتیژی دژی ژنان له‌ ئه‌مریكا خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ری و به‌رهه‌م هێنه‌ریی یووسف كه‌ریمی سپانسه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلم) به‌ده‌ستهێناوه‌.

"گوڵ نسا" له‌ فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی 2018 توانی باشترین خه‌ڵاتی داهێنان له‌ سینه‌ما بباته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ جام كوردی

كوردستان تیڤی/ كامران