هه‌ڵدێران

وێنه‌ی ژیانی كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌رده‌خات

ن/سه‌باح شێخانی

"هه‌ڵدێران" ڕۆمانێكی 280 لاپه‌ڕه‌یی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس"مقداد شاسواری"یه‌، تازه‌كی له‌ به‌رگێكی جوان و قه‌شه‌نگدا چاپ كراوه‌.

ڕۆمان بریتییه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك ئامێزی دوور و درێژ، كه‌ له‌ زمانی چیرۆكبێژه‌وه‌ وێنه‌ی ژیانی كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌رده‌خات و خه‌یاڵ ڕۆڵی له‌ داڕشتنی ڕووداوه‌كاندا هه‌یه‌، له‌ ڕۆمانی هه‌ڵدێراندا، مقداد شاسواری زیاتر له‌ په‌نجا لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌یدا، باسی ڕاكردنی كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ی ده‌كات و له‌گه‌ڵ ناخی خۆی ده‌دوێت، دوای ئه‌وه‌ ئینجا سه‌ره‌داوی ڕووداوه‌كان ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی ڕۆماننووس به‌سه‌ر خه‌یاڵ  و فه‌نتازیادا ده‌رده‌خات: (بنیاده‌م ئه‌گه‌ر له‌ناو شارێكدا، یان له‌ناو پاركێكدا، یان له‌ناو جه‌نگه‌ڵێك، جاده‌یه‌كی غه‌ریب، له‌ناو چۆڵه‌وانییه‌كدا بزر بووبێ، عه‌للابه‌خته‌ك، ملی ڕێگایه‌كی نادیار ده‌گرێته‌ به‌ر به‌دوای بۆنێك، یان به‌دوای تروسكایی ڕووناكییه‌كدا ده‌ڕوات. ل57)  هه‌رچه‌نده‌ فه‌زای جه‌نگ بۆ ئێمه‌ وه‌ك كورد فه‌زایه‌كی نامۆ نییه‌، چونكه‌ ئه‌و جوگرافیایه‌ی ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین به‌رده‌وام له‌ جه‌نگدا بووه‌، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ی سه‌ربازێك له‌ به‌ره‌ی جه‌نگدا هه‌یه‌تی و گێڕانه‌وه‌ی له‌ زمانی خۆیه‌وه‌ شتێكی تره‌، ڕووداوی سه‌ره‌كی ڕۆمانی هه‌ڵدێران، چیرۆكی سێ هاوڕێیه‌ كه‌ له‌ خزمه‌تی سه‌ربازیی سه‌رده‌می حكوومه‌تی به‌عس و شه‌ڕی قادسیه‌ی نێوان هه‌ردوو وه‌ڵاتی عێراق و ئیران ڕایان كردووه‌ و به‌ڵێنیان داوه‌ تا كۆتایی ژیانیان خیانه‌ت له‌یه‌كتر نه‌كه‌ن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له‌ فیراری بێزار ده‌بن، خۆیان ته‌سلیمی داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، یه‌كێك له‌و سێیانه‌ به‌ناوی (قابیل) دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند ئیمتیازێكی باشی ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ست، برایه‌كی خۆی به‌ناوی "هیوا" هه‌روه‌ها دوو هاوڕێی"كه‌ره‌م و سامان" ده‌كوژێت، ته‌نیا له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی خۆی به‌ زیندووێتی بمێنێته‌وه‌ و نه‌یكوژن: (براكه‌م.. ده‌بێ بتكوژم. ئه‌گه‌ر نه‌تكوژم ئه‌وان دێن تۆش و منیش ده‌كوژن. كه‌واته‌، ده‌بێ بتكوژم تا من به‌ زیندوو بمێنمه‌وه‌. قه‌ده‌ر وای لێ نووسراوه‌  براكه‌م. تۆ بمری باشتره‌. ل142) هه‌موو مرۆڤێك له‌ ژیاندا ئامانجێكی دیاریكراوی هه‌یه‌، ئامانجی ئه‌ویش مانه‌وه‌ی خۆیه‌تی به‌ هه‌ر نرخێك بێت.

ڕۆمان گۆڕه‌پانێكه‌، ڕۆماننووس هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات كێشه‌ و خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی ژیان بخاته‌ ڕوو، ڕۆمانی هه‌ڵدێران به‌ ئاگاهاتنه‌وه‌ی ئینسانه‌ دوای خه‌وی غه‌فله‌ت، كارێكی جوان و شایسته‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌، شاسواری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ده‌رد و خه‌مه‌كان له‌ فۆرمێكی هونه‌ریی قه‌شه‌نگدا نمایش ده‌كات و ده‌یخاته‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ر: (ئێمه‌ میلله‌تێكین، ته‌مه‌نی خۆشه‌ویستیمان كورتتره‌ له‌ ته‌مه‌نی ڕقمان. ته‌مه‌نی دۆستایه‌تیمان كورتتره‌ له‌ ته‌مه‌نی دوژمنایه‌تیمان. ڕێی  هاوڕێیه‌تیمان زۆر كورتتره‌ له‌ ڕێی دابرانمان. ل152) ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌كسیم گۆرگی، جێمس جۆیس، ڤیكتۆر هۆگۆ و زۆری دیكه‌ی له‌ ویژدانی مرۆڤایه‌تیدا هێشتووه‌ته‌وه‌، وابه‌سته‌بوونیانه‌ به‌ واقیعی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌، وه‌ك ئه‌دۆنیس ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر كاری‌ نوسین له‌ كۆندا دروست كردنی‌ مانا بووبێت، ئه‌وا له‌ نووسینی‌ ئێستادا ده‌بێت ئه‌و  مانایانه‌ كه‌شف بكرێن و بخوێنرێنه‌وه‌.)                 

ژیان له‌ كۆتاییدا پێناسه‌یه‌ك بۆ هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ ده‌كات، تاوانبار له‌ ڕۆمانه‌كه‌ی مقداد شاسواریدا، دواجار هه‌ست به‌ ئازاری ویژدان ده‌كات، ئۆقره‌ی لێ ده‌برێت، نازانێ چی بكات و ڕوو بكاته‌ كوێ: (من له‌ ترسی سزادانی حوكمڕانه‌كانی ئێستای وڵاته‌كه‌م هه‌ڵنه‌هاتووم. من له‌خۆم هه‌ڵاتووم. ئه‌وه‌ خۆمم كه‌وتوومه‌ته‌ وێزه‌ی هاڕینی خۆم. ل271)

با كتێبه‌كان وه‌كوو ژه‌مه‌ خواردنه‌كانمان بن له‌ ڕۆژدا، خوێنه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌كتیڤه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت دووباره‌ مانا ببه‌خشێته‌وه‌ به‌ده‌ق، ده‌توانێت واتای‌ نوێ‌ له‌ناو تێكسته‌وه‌ هه‌ڵنجێنێت.

مرۆڤ بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و خه‌یاڵ و سۆزی خۆی ئامرازێكی به‌ ناوی ئه‌ده‌ب خولقاند، له‌م ڕۆمانه‌كه‌دا، شێوازی و زمانی نووسینی نووسه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی ده‌بینینه‌وه‌، نووسین وه‌كو ژیان وایه‌ له‌ دونیایه‌كی دیكه‌دا، ته‌نیا جۆری ده‌ربڕینه‌ به‌رهه‌می نووسه‌رێك ده‌كاته‌ شاكار و هی یه‌كێكی دی كه‌ به‌هه‌مان وشه‌گه‌ل نووسراون ده‌بنه‌ به‌رهه‌مێكی ئاسایی. ده‌كرێت ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ هه‌وڵێك دابنێین بۆ به‌ دێكۆمێنتكردنی قۆناغێك له‌ ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی لای خۆمان كه‌ بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ به‌عس حوكمی تێدا كرد.

 كوردستان تیڤی/ كامران