پیشانگه‌ی خۆشنووسی كورد "محه‌مه‌د سابیر"  كرایه‌وه‌

40 تابلۆی خۆشنووسی

پیشانگای به‌رهه‌مه‌ خۆشنووسه‌كانی مامۆستای بلیمه‌تی كورد "محه‌مه‌د سابیر" له‌ ژێر ناوی "موعه‌لیم سابیر" له‌ شاری سنه‌ كرایه‌وه‌.

به‌ بۆنه‌ی ده‌ستپێكردنی ڕۆژی مامۆستا له‌ ئێران، به‌شێك له‌ به‌ره‌هه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی مامۆستای گه‌وره‌ی خۆشنووسی كورد "محه‌مه‌د سابیر" له‌ پیشانگایه‌كدا له‌ شاری سنه‌ خرایه‌ به‌ر دیدی هۆگرانی ئه‌م هونه‌ره‌.

له‌م پیشانگایه‌دا كه‌ له‌ گه‌له‌ری په‌ردیسی سینه‌مایی به‌همه‌نی شاری سنه‌ كرایه‌وه‌ 40 تابلۆی خۆشنووسی مامۆستا سابیر دانراوه‌.

ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ سه‌مای وشه‌كانی له‌ ئایاتی قورئان و هۆنراوه‌كانی گه‌وره‌ شاعیرانی كورد و فارسی له‌خۆگرتووه‌.

مامۆستا محه‌مه‌د سابیر زیاتر له‌ 50 ساڵه‌ له‌ بواری فێركاریی خۆشنووسی چالاكه‌ و وه‌كوو ئه‌ندام و نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی خۆشنووسانی ئێران تا ئێستای له‌گه‌ڵ بێت ده‌یان قوتابی پێگه‌یاندووه‌ و پیشانگای زۆریشی كردۆته‌وه‌.

مامۆستا سابیر ساڵی 1324ی هه‌تاوی له‌ شاری سه‌قز له‌ دایكبوو و له‌ ساڵی 1351 له‌ ئه‌نیستیتۆی هونه‌ری تاران خوێندنی ته‌واو كرد و ته‌مه‌نی منداڵی له‌ لای مامۆستا مه‌هدی كه‌مالی كوردستانی برده‌ سه‌ر و فێری ئه‌لف و بێ و وانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆشنووسی بوو و تا ئێستای له‌گه‌ڵ بێت و پاش تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كانی مامۆستایه‌تی له‌م هونه‌ره‌دا ده‌یان پیشانگای كردۆته‌وه‌ و سه‌دان به‌رهه‌می شازی پێشكه‌ش به‌ دونیای هونه‌ر كردووه‌.

سه‌رچاوه‌/جام كوردی

داڕشتنه‌وه‌ی / كامران