جەبار یاوەر: پڕۆژەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی 70 و 80 دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە

یاوەر: پڕۆژەیەکی سی و پێنج خاڵیمان ئامادەیە


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی وەزارەتی بەرگری عێراقی و ھێزە ئەمەریکاییەکان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە.

لە بارەی کۆبوونەوەکە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند " ئەم کۆبوونەوەیە پەیوەندی بە بابەتێکەوە نەبوو تا لەسەری ڕێکبکەوین بەڵکو کۆبوونەوەیەک بوو بۆ بەدواداچوون بۆ پڕۆسەیەکی ھاوکاری کە لە ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧ لە بودجەی حکومەتی ئەمەریکا بڕی یەک ملیار دۆلار تەرخانکرابوو وەک قەرزێکی درێژخایەن بۆ حکومەتی عێراق کە دەدرا بە چەک و تەقەمەنی بۆ ھەموو ھێزە شەڕکارەکانی عێراق بە ھێزەکانی سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە کە شەڕی دژ بە داعشیان دەکرد، وە لەم بڕە پارەیە پشکێک دیاریکرابوو کە نزیکەی ١٨٠ بۆ ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە بۆ ھەندێک بابەت بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، جا ئەم تیمە ھاتبوون تا رێوشوێنەکان بگرنە بەر لە دابینکردنی ئەم پێویستیانە".

جه‌بار یاوه‌ر بۆ "دەنگی ئەمەریکا" باسى لە ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی ٧٠ و ھێزەکانی٨٠ ی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت" پڕۆژەیەکی سی و پێنج خاڵیمان ئامادەیە، ئەم پڕۆژەیە تایبەتە بە چاکسازی و یەکێک لە خاڵەکانی، خاڵی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەیەو لەبارەی ئەم پڕۆژەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە چەند کۆبوونەوەیه‌کمان لەگەڵ ھێزەکانی ٧٠ و ھێزەکانی ٨٠ کردووە و ھەوڵدەدەین بەم نزیکانە لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر سەرجەم خاڵەکانی پڕۆژەکە بدرێن و ئەم پڕۆژەیە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە."