پۆلیسی توركیا دوو كه‌سی به‌ تۆمه‌تی سیخوڕیی بۆ ئیمارات ده‌ستگیركرد

هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌یان بۆ ماوه‌ی 6 مانگ خستبووه‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌

حكومه‌تی توركیا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ دوو كه‌سی به‌ تۆمه‌تی سیخوڕیی بۆ حكومه‌تی ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بیی ده‌ستگیركردووه‌ و به‌رپرسانی ئه‌منیی ئه‌م وڵاته‌ سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌وه‌ی بزانن ئه‌و كه‌سانه‌ چۆن په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ دۆسییه‌ی كوژرانی جه‌مال خاشوقچییه‌وه‌ هه‌یه‌.

حكومه‌تی توركیا هه‌رچه‌نده‌ كه‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ی به‌ تۆمه‌تی سیخوڕیی بۆ ئیمارات ده‌ستگیركردووه‌، به‌ڵام كات و شوێنی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ تا ئێستا دیارنییه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌یان بۆ ماوه‌ی 6 مانگ خستبووه‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌.

به‌رپرسانی ئه‌منیی ئه‌م وڵاته‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌م دوو كه‌سه‌ دوای كوژرانی جه‌مال خاشوقچیی روویشتووه‌ته‌ ناو خاكی توركیا.

شایه‌نی ئاماژه‌یه‌ كه‌ توركیا و ئیمارات له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ گروپی ئیخوان موسلیمین تاڕاده‌یه‌ك نێوانیان ئاڵۆزیی تێكه‌وتووه‌. ئه‌مه‌ش به‌جۆرێك كه‌ توركیا داكۆكیی له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌كات و ئیمارات و ته‌نانه‌ت سعوودیه‌ش توندترین هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ری هه‌یه‌.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی /  مه‌سعود

سه‌رچاوه‌ / دی ده‌بڵیوو