له‌سه‌ر ناردنی‌ موچه‌ له‌به‌غداوه په‌یامێك ئاڕاسته‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ده‌كرێت

له‌داهاتوودا موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم مانگانه‌ له‌ یه‌ك كاتی‌ دیاریكراودا ڕه‌وانه‌ده‌كرێت

جێگری سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران په‌یامێك له‌باره‌ی‌ ناردنی‌ پاره‌كه‌ی‌ به‌غدا ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رجه‌م موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت،له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ و وه‌زاره‌تی‌ دارایی عیراق گفتوگۆ ده‌كه‌ن و هه‌وڵده‌درێت میكانیزمێك دابنرێت كه‌ مانگانه‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بۆ هه‌رێم له‌یه‌ك كاتدا ره‌وانه‌ بكرێت.

د.به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عیراق به‌سی ئێن ئینی راگه‌یاندوه‌: ناردنی‌ پاره‌ی‌ ته‌رخانكراوی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ هیچ گرفتێكی نییه‌ و مانگانه‌ وه‌ك خۆی ره‌وانه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مانگێك دوابكه‌وێت په‌یوه‌ندی به‌چه‌ند رێكارێكی ئیداریی و یاسایی و داراییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مانگانه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ ره‌وانه‌ده‌كرێت و هیچ مه‌ترسیه‌كی‌ راگرتنی‌ نییه‌.

حه‌داد راشیگه‌یاند،دواكه‌وتنی‌ ناردنی‌ پاره‌ ته‌نها له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نییه‌، به‌ڵكو به‌شێكی‌ زۆری‌ پارێزگاكانی‌ دیكه‌ش ئه‌و گرفته‌یان هه‌یه‌، چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی‌ تایبه‌تیش له‌پارێزگای‌ به‌سره‌و عه‌ماره‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌كاتی خۆیدا پاره‌یان بۆ ره‌وانه‌ ناكرێت و ئێمه‌ش نامانه‌وێت زۆر فشار بكه‌ینه ‌سه‌ر حكومه‌تی فیدراڵ و وه‌زاره‌تی‌ دارایی عیراق به‌تایبه‌ت هه‌ندێك كات كێشه‌ی‌ پاره‌ی كاش"نه‌ختینه‌"ی هه‌یه‌.

ناوبراو رونیشیكرده‌وه‌،ئه‌وه‌ی‌ لای ئێمه‌ گرنگه‌ مانگانه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆهه‌رێمی‌ كوردستان له‌كاتی‌ خۆیدا ڕه‌وانه‌ بكرێت موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و شایسته‌كانیان به‌ده‌ستبگات،وتیشی"زۆركات په‌یوه‌ندیی به‌نه‌بونی‌ پاره‌ی‌ كاشه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ناردنی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ مانگانه‌ ئه‌گه‌ر دوابكه‌وێت".

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌داهاتویه‌كی‌ نزیكدا هه‌موو رێوشوێنێكی‌ پێویست له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ فیدراڵ و وه‌زاره‌تی‌ دارایی عیراقدا بگرنه‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانرێت موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم مانگانه‌ له‌ یه‌ك كاتی‌ دیاریكراودا ره‌وانه‌بكرێت نه‌ك ته‌نها بۆ هه‌رێم، به‌ڵكو بۆ ته‌واوی عیراق به‌بودجه‌ی‌ تایبه‌ت به‌پرۆژه‌كانیشه‌وه.

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز