جه‌یمس جێفری: له‌گه‌ڵ توركیا ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ باكووری سووریا بێ په‌یه‌ده‌ راده‌گه‌یه‌نین

جێفری: ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ توركیا گه‌یشتووه‌ته‌ تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش به‌رامبه‌ر په‌یه‌ده‌

جه‌یمس جێفری، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری سووریا رایگه‌یاند" له‌گه‌ڵ توركیا كار ده‌كه‌ین، تاكو ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ باكووری سووریا رابگه‌یه‌نین، كه‌ پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده‌)ـی تێدا نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ بڕه‌وێته‌وه‌".

جێفری له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی هاوبه‌شی 37 پێشكه‌شی كردو له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی كرێكارانی توركی - ئه‌مه‌ریكی رێكخرابوو، گوتوویه‌تی" پێویسته‌ ئێرانییه‌كان سووریا جێبهێڵن، ئه‌مه‌ریكاش له‌گه‌ڵ توركیا گه‌یشتووه‌ته‌ تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش به‌رامبه‌ر په‌یه‌ده‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ هاوبه‌شیی جیۆستراتیژی گرنگه‌ و هێشتا له‌نێوان واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره‌ به‌رده‌وامه‌ و ته‌ئكیدیشی كردووه‌ته‌وه‌ پێویسته‌ له‌پێناو پرۆسه‌ی سیاسی سووریا زۆر كار بكرێت.

هه‌روه‌ها گوتیشی" پێویسته‌ رژێمی سووریا ده‌ستبه‌رداری چه‌كی كیمیایی و ئه‌تۆمی ببێت و ئه‌و وڵاته‌ش نه‌بێته‌ حه‌شارگه‌یه‌ك بۆ تیرۆریستان".

جه‌یمس جێفری وتى" توركیا ئه‌ندامی وڵاتانی ده‌ستبه‌ركاری رێككه‌وتنی ئه‌ستانایه‌ و ده‌نگی ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنانه‌ی سووریایه‌ كه‌ گوزارشت له‌ نیوه‌ی سوورییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه‌ گرنگه‌ و له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانمان بۆ پرۆسه‌ی سیاسی یه‌كده‌گریته‌وه‌".