پۆلیسی به‌ریتانیا دامه‌زرێنه‌ری ویكیلیكس-ی ده‌ستگیركرد

له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئێكوادۆر له‌ له‌نده‌ن

دامه‌زرێنه‌ری ویكیلیكس، جولیان ئاسانگ له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئێكوادۆر له‌ له‌نده‌ن ده‌ستگیركرا كه‌ له‌ ٢٠١٢ه‌وه‌ له‌وێ ده‌ژیا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی به‌ریتانیا رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی ئێكوادۆر پێدانی مافی په‌نابه‌ری به‌ ئاسانگ ره‌تكرده‌وه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئێكوادۆر له‌ له‌نده‌ن ده‌ستگیركرا.

ویكیلیكس-یش داكۆكی له‌وه‌ كرد كه‌ ئێكوادۆر به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی داواكاری پێدانی مافی په‌نابه‌ری به‌ ئاسانگ ره‌تكردۆته‌وه‌.‌

هه‌فته‌ی رابردوو ویكیلیكس رایگه‌یاند كه‌ به‌رپرسێكی ئاستبه‌رزی ئێكوادۆر رایگه‌یاندووه‌ "گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژێكدا ته‌نانه‌ت چه‌ند كاتژمێرێكدا ئاسانگ له‌ ته‌لاری باڵیۆزخانه‌ی ئێكوادۆر ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌ستگیر بكرێت".

له‌ راگه‌یه‌ندراوی ماڵپه‌ڕی بلۆگی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیشدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ بۆ په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ژمارێكی offshore به‌كارهێندراو كه‌ گوایه‌ برای سه‌رۆكی ئێكوادۆر، له‌نین مۆرێنۆ دروستیكردووه‌.

ئاسانگ له‌ رێگای ئینته‌رنێته‌وه‌ زۆرێك له‌ نووسراوه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكای بۆ رای گشتی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ بوونه‌ هۆی مشتومڕ و له‌ ٢٠١٢ه‌وه‌ له‌ ژوورێكی باڵیۆزخانه‌ی ئێكوادۆر له‌ شه‌قامی Knightsbridge له‌ له‌نده‌ن ده‌ژیا.