عادل عه‌بدولمه‌هدی : تره‌مپ سووره‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی

له‌باره‌ی به‌ تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی رایگه‌یاند كه‌ بۆ وه‌ستاندنی بڕیاری ئه‌مریكا له‌هه‌مبه‌ر خستنه‌ نێو لیستی تیرۆریستی سوپای پاسدارانی ئێران، په‌یوه‌ندییان كردووه‌ به‌ ئیداره‌ی ئه‌مریكا، میسرو سعودیه‌وه‌.

عه‌بدولمه‌هدی دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی هه‌فتانه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ كابینه‌كه‌یدا كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رێكخست.

عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی به‌ بڕیاری سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ سه‌باره‌ت به‌ خستنه‌ نێو لیستی تیرۆریستی سوپای پاسداران دا و گوتی، "بۆ وه‌ستاندنی بڕیاره‌كه‌ی سه‌ر سوپای پاسدارانی ئێران، په‌یوه‌ندیمان كرد به‌ شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیزو عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌ركۆماری میسر و ئیداره‌ی ئه‌مریكا، به‌ڵام تره‌مپ سووره‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی".

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ته‌واوی وڵاتاندا ده‌پارێزن و گوتی، "پێمان راگه‌یاندوون كه‌ ناخوازین عێراق ببێته‌ مه‌یدانی ململانێی به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران و عێراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێنه‌ لایه‌نێك له‌ پێكدادانێكی ناوچه‌یی".