روحانی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌مریكا و سعوودیه‌ش پشتیوانی له‌ بڕیاره‌كه‌ی تڕه‌مپ ده‌كات

زیانی به‌ ئاشتی و ئاسایشی جیهان گه‌یاندووه‌

له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ رێوڕه‌سمێكدا كه‌ به‌ بۆنه‌ی رۆژی ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌تۆمی نیشتمانییه‌وه‌ له‌ تاران رێكخرابوو، سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی گوتارێكی پێشكه‌شكرد.

روحانی بڕیاری راگه‌یاندنی سوپای پاسداران به‌ رێكخراوی تیرۆریستیی له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی ئه‌مریكاوه‌ به‌هه‌ڵه‌ له‌ قه‌ڵه‌مدا و گوتی: "هێزه‌ خۆبه‌زلزانه‌كانی جیهان و ئه‌مریكا هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ ناساندنی سوپای پاسداران به‌ تیرۆریست، قه‌ره‌بووی شكست و قینیان دژبه‌ ئێران بكه‌نه‌وه‌. ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ سوپای پاسداران به‌هێزتر ده‌كات. له‌ كاتێكدا ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا تیرۆریزم وه‌ك ئامرازێك به‌كارده‌هێنێت و هه‌لی خۆحه‌شاردانی بۆ رابه‌رانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، سوپای پاسداران له‌ عێراق و سووریا دژیان ده‌جه‌نگێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سعوودیه‌ پشتیوانی له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ دانانی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ لیستی تیرۆر.

به‌پێی هه‌واڵێك كه‌ له‌ ئاژانسی هه‌واڵیی فه‌رمی سعوودیه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌، راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌باره‌ت به‌ دانانی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ لیستی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كاندا له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌دا بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا "هه‌نگاوێكی پراتیكی و جددییه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا" و له‌ رێگه‌ی ئه‌م بڕیاره‌وه‌ واشنتۆن وه‌ڵامی بانگه‌وازی ریازی داوه‌ته‌وه‌ بۆ "ناساندنی تیرۆر به‌ پشتیوانیی ئێران" له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا بانگێشتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كراوه‌ بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی سوپای پاسداران كه‌ "زیانی به‌ ئاشتی و ئاسایشی جیهان" گه‌یاندووه‌.

دوێنێ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ ئاشكرایكرد كه‌ سوپای پاسدارانی ئێرانی خستووه‌ته‌ لیستی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ بیانییه‌كانی ئه‌مریكاوه‌.