پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ 32 پارێزگای توركیا بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان كۆتایی هات

بریاره‌ دەست بە جیاکردنەوەی‌ دەنگەکانی ئه‌و پارێزگایانه‌ بکرێت


پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31ی ئازاری 2019، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هەڵبژاردنی‌ شارەوانییەکانی‌ تورکیا و باکوری‌ کوردستان 32 پارێزگای توركیا کۆتایی هات و دوای‌ کاتژمێرێکی‌ دیکەش لە 49 پارێزگاکەی‌ دیکە کۆتایی دێت.

به‌پێی بریاری دامه‌زراوه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا، ده‌نگدان له‌ پارێزگاكانی ئادیامان، ئاگری، ئارتڤین، بینگۆل، به‌دلیس، دیاربه‌كر، ئه‌لازیغ، ئه‌رزینجان، ئه‌رزه‌ڕووم، عه‌نتاب، گیره‌سون، گوموشهانه‌، هه‌كاری، قه‌رس، ماڵاتیا، ماراش، ماردین، مووش، ئۆردو، ریزه‌، سێرت، سیڤاس، ترابزۆن، دێرسم، ئورفا، وان، بایبورت، باتمان، شڕناخ، ئه‌رده‌خان، ئیغدر، كلیس و گرتووخانه‌كانی ناو ئه‌و پارێزگایانه‌ كاتژمێر 07:00 دەستیپێكرد و كاتژمێر 16:00 كۆتایی هات. جگه‌ له‌و پارێزگایانه‌ له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ كاته‌كانی ده‌نگدان له‌ نێوان 08:00 بۆ 17:00ه.

بەپێی بڕیارەكە، ئەگەر كاتی دەنگدانیش كۆتایی هاتبێت، ئەو دەنگدەرانەی سەرەیان گرتووە بۆ دەنگدان، دەنگەكانیان دەدەن.

بڕیاریشه‌ دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی‌ دەنگدان دەست بە جیاکردنەوەی‌ دەنگەکانی ئه‌و پارێزگایانه‌ بکرێت كه‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان تیایاندا كۆتایی هاتووه‌.

لە سه‌رانسه‌ری تورکیادا 57 ملیۆن دەنگدەر ناویان تۆمار کراوە و لەسەر 194 هەزار و 390 سندوق دەنگ دەدەن، یەک ملیۆن و 156 هەزار دەنگدەیشر کە 18 ساڵیان تەواو کردووە بۆ یەکەمجارە بەشداری دەکەن لە هەڵبژاردندا.

داڕشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ: سامان زاهیر