بزانه‌ بۆچی وێنه‌گره‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی سه‌رۆكی كۆریای باكوور له‌كاره‌كه‌ی ده‌ركراوه‌ ..؟

ته‌مه‌نی 47 ساڵه‌

رۆژنامه‌ی ده‌یلی nk رایگه‌یاندووه‌، كه‌ وێنه‌گره‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی كیم جۆنگ ئوون ، سه‌رۆكی كۆریای باكوور له‌كاره‌كه‌ی ده‌ركراوه‌و ئه‌ندامێتی-شی له‌ پارتی كاری ده‌سه‌ڵاتداری كۆریا هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌ بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی وێنه‌گره‌كه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ شكۆی كۆریای باكووری ناشرین كردووه‌، چونكه‌ ئه‌م سیفه‌ته‌ بۆ كیم جۆنگ ئوون ده‌گه‌رِێته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ روونیشیكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ مه‌رجه‌كانی وێنه‌گرتنی سه‌ركرده‌ی وڵاتی پێشێل كردووه‌ و نێوانی ئه‌و و سه‌رۆكی كۆریای باكوور ته‌نها دوو مه‌تر بووه‌، هاوكاتیش بۆ ماوه‌ی 30 چركه‌ له‌به‌رامبه‌ر كیم جۆنگ ئوون وه‌ستاوه‌و بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی لاشه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ئاماده‌بووان وون ببێت، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆریای باكوور پێیان وایه‌ كه‌ وێنه‌گره‌كه‌ ئه‌م كاره‌ی ئه‌نقه‌سه‌ت كردووه‌.

شایانی باسه‌ وێنه‌گره‌ ده‌ركراوه‌كه‌ ته‌مه‌نی 47 ساڵه‌و  پێشتر یاوه‌ری دیداره‌كه‌ی نێوان كیم جۆنگ ئوون ، سه‌رۆكی كۆریای باكوور و دۆناڵد تره‌مپ،سه‌رۆكی ئه‌مریكا  له‌ هانۆی پایته‌ختی ڤێتنام بووه‌.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی / رزگار