ئه‌مریكا سزای به‌سه‌ر كۆریای باكووردا سه‌پانده‌وه‌‌

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌‌مریكا پێشبینی گرژبوونه‌وه‌ی پەیوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولای لێ ده‌كرێ

به‌تۆمه‌تی یارمه‌تی دانی كۆریای باكوور ئه‌مریكا سزای به‌سه‌ر كۆمپانیایه‌كی گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی چین سه‌پاند. 

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌مریكایه‌ بۆ گه‌مارۆدانی پیۆنگ یانگ، دوای ئه‌وه‌ی له‌ مانگی شوباتی رابردوو كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا و كیم جۆنگ ئۆنی ڕێبه‌ری كۆریای باكور له‌ ڤێتنام شكستی هێنا. 

وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌وباره‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، 67 كه‌شتی گواستنه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی به‌رهه‌مه‌ پترۆلییه‌كانیان بۆ كۆریای باكوور گواستووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مانه‌ش له‌ لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی چینی ئه‌نجام دراون. 

له‌ به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا هاتووه‌، هه‌ردوو كۆمپانیای دالیان هایبو و لیاونینگ دانشینگ كه‌ باره‌گای سه‌ره‌كیان له‌ چینه‌ خرانه‌ لیستی ره‌شی ئه‌مریكاوه‌. 

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌‌مریكا پێشبینی گرژبوونه‌وه‌ی پەیوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولای لێ ده‌كرێ، به‌تایبه‌ت دوای دیداری یه‌كه‌می تره‌مپ و كیم جۆنگ ئۆن، مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئه‌تۆمی كه‌م بووه‌وه‌، به‌ڵام به‌ گرژبوونه‌وه‌ی پەیوه‌ندییه‌كان دۆخه‌كه‌ ئاڵۆز ده‌بێته‌وه‌.