ئەمریکا بزووتنەوەی نوجەبا دەخاتە لیستی تیرۆره‌وه‌

سەرجەم موڵک و ماڵایان بلۆک دەکرێت


بۆ جارێكی دیكه‌ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزا بەسەر میلیشیایەکی حەشدی شەعبیدا ئه‌ویش (بزوتنەوەی نوجەبا) دەسەپێنێت و دەیخاتە لیستی تیرۆرەوە، کە لە ساڵی 2013  بزوتنەوەی نوجەبای دامەزراندووە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 5-3-2019، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بزووتنەوەی نوجەبای خستووەتە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و سزای بەسەردا سەپاند.

ئەو هەنگاوە بە ئامانجگرتن و بێبەشکردنی بزوتنەوەی نوجەبا و خودی کەعبییە لە هەموو سەرچاوەیەکی داهات، کە بۆ پلانی تیرۆریستی بەکاریانبهێنێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەو هۆیەوە سەرجەم موڵک و ماڵی ئەو بزوتنەوەیە لەناو ئەمریکادا بلۆک دەکرێت و، قەدەغەیشی دەکات هیچ هاووڵاتییەکی ئەمریکی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ساڵی 2008 سزای سەپاندووە بەسەر ئەکرەم کەعبیدا، کە لە ساڵی 2013  بزوتنەوەی نوجەبای دامەزراندووە.

بزوتنەوەی نوجەبا بەلای ئەمریکییەکانەوە یەکێکە لەو گروپە چەکدارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە کۆمەک دەکرێت و، ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە، پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەکانی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران دەبێت.